ئیبراهیم ڕەئیسی کە بە شێوەیەکی ئانلاین لە دانیشتنی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەشداربوو، سەرەڕای جەختکردنەوە لەسەر ئەوەیکە کۆماری ئیسلامیی ئێران باوەڕی بە بەڵینەکانی ئەمریکا نییە، وتی: خۆڕاگری ئێران لەهەمبەر گەمارۆکان، وڵامێکی زۆرباش بوو بۆ دونیای دەرەوە.
ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران کە ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، بە شێوەیەکی ئانلاین لە حەفتاوشەشەمین دانیشتنی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەشداربوو، سەرەڕای تۆمەتبارکردنی ئەمریکا وتی: ئەمریکا پێبەند نەبووە بە بەڵینەکانی و بە تەنیا لە ڕێککەوتنی ناوکیی هاتوەتەدەرەوە، بۆیە ئێمە باوەڕمان بە ئەمریکا نەماوە.
ناوبراو لەدرێژەدا لەهەمبەر چۆنیەتیی هەڵسوکەوت لەگەڵ وڵاتانی جیهاندا وتی: ئێمە دەمانهەوێت هەڵسوکەوتێکی باشمان لەگەڵ وڵاتانی جیهان بە تایبەتی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێماندا هەبێ و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئێمە دەمانهەوێت لە وتووێژە ناوکییەکاندا هەموو گەمارۆکانی سەر ئێران لابچی.
سەرۆککۆماری ئێران لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بە ئاماژە بە چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان وتی: ئەمریکا بۆ خۆی لە عێراق و ئەفغانستان ناچێتەدەرەوە، بەڵکوو لەو وڵاتانە دەردەکرێت.
جێگای ئاماژەیە کە ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ڕێژیم، بەهۆی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و پێوەندیی ڕاستەوخۆی ناوبراو بە ئێعدامە بەکۆمەڵەکانی بەندکراوانی سیاسی لە بەندیخانەکانی ئێراندا گەمارۆی قورسی لەسەرە و ناتوانێ سەفەر بۆ ئەمریکا و وڵاتانی ئورووپایی بکا.
هەر لەم پێوەندییەدا سەبارەت بە قسەکانی ئیبراهیم ڕەئیسی لە دانیشتنی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە قسەکانی ئیبراهیم ڕەئیسی پڕە لە درۆ و چەواشەکردنی ڕاستییەکان.