کۆمەڵێک لە مۆرە بەکرێگیراوەکانی ڕێژیم لە شاری “سەردەشت”، بە هاوکاریی سپا و ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران، هەڵدەکوتنە سەر خەڵکی ئەو شارە و بێڕێزی بە کەرامەتیان دەکەن و ترس و خۆف دەخەنە نێو خەڵک و بەتایبەتی ژنان و کچەکانەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان گەیشتووە و بە گوێرەی شایەتحاڵان، ئەو بەکرێگیراوانە بە دەمانچە و چەقۆ پەلاماری سەیرانچییان دەدەن و بە هەڕەشە و گوڕەشە، بێڕێزی بە کەرامەتی ژن و کچەکان دەکەن و بە تۆمارکردنی فیلم لێیان وەک باج، قوربانییانی پێ بێدەنگ دەکەن و تەنانەت پارە و زێڕەکانیشان لێ دەستێنن.
شوناسی چەند کەس لەو بەکرێگیراوانە کە باندیان بۆ چارەڕەشیی خەڵک پێکهێناوە و جگە لەو کردەوە قێزەونە، ماددەی هۆشبەریش لەنێو لاوەکاندا بڵاو دەکەنەوە، بۆ ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئاشکرا بووە و لە داهاتوودا ناوەکانیان بڵاو دەکرێتەوە.
هەروەها چەند مۆرەی سەرەکیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە “سەردەشت” لە پیلانێکی دژەگەلیدا، خەڵکی ئەو شارەیان فێری بازرگانی و بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەر کردووە.
شایانی باسە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی کۆیلەکردن و چەوساندنەوەی خەڵکی کوردستان، لە هەر چەشنە ئامرازێکی دژەئەخلاقی لە ڕێگای خۆفرۆشان کەڵک وەردەگرێت، تاکوو ئیرادەی خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان تێک بشکێنێ.