مایک پۆمپێئۆ لە ڕێوڕەسمێکدا لەژێر ناوی “ئێرانی ئازاد” وتی: خەڵکی ئێران هیچکات دیکتاتۆریی سەردەمی شا و سەرەڕۆییەکانی حکومەتی ئایینی قەبووڵ ناکا.
مایک پۆمپێئۆ، وزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە ڕێوڕەسمێکدا کە لەلایەن ڕێکخراوی کۆمەڵگەی ئێرانیی-ئەمریکایی لە شاری واشینگتۆن لەژێر ناوی “ئێرانی ئازاد”دا بەڕێوەچوو، بە ئاماژە بەوەیکە شۆڕشی ساڵی ٥٧ی هەتاوی لە ئێران خاڵێکی وەرچەرخانە لە مێژووی ئێراندا، وتی: ئەگەر چاوێک لە دەسەڵاتداریی ئایینی پاش شۆڕشی ٥٧ و سەرەڕۆییەکانی ئەو حکومەتە بکەین، بۆمان دەردەکەوێ کە خەڵکی ئەو وڵاتە هیچکات ناگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دیکتاتۆری شا و حکومەتی سەرەڕۆی ئایینیی ئێستای قەبووڵ نییە.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: بۆ هەموو کەس ڕوون و ئاشکرایە کە ئێرانییەکان لە کۆتاییدا دەبنە خاوەن کۆمارێکی سێکولار، دێموکراتیک و دوور لە چەکی ناوکیی.
پۆمپێئۆ بە ئاماژە بە خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییە گشتییەکانی ئێران وتی: خەڵکی ئێران بەردەوام بوێری و ناڕەزایەتییان لە بەرامبەر دەسەڵات نیشان داوە و ڕووبەڕووی دەسەڵاتی سەرەڕۆی ئایینی بوونەتەوە.
جێگای ئاماژەیە کە ڕێوڕەسمی “ئێرانی ئازاد” کە لەلایەن ڕێکخراوی کۆمەڵگەی ئێرانیی -ئەمریکایی لە شاری واشینگتۆن بەڕێوەچوو، میوانداری لە زۆربەی کەسایەتییە دیار و بەرچاوەکانی ئەمریکا وەکوو مایک پۆمپێئۆ و داگ جۆنز، سێناتۆری دێموکراتەکان کردووە.