توێژینگەی واشینگتۆن بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە زیاتر لە ١٠٠ هەزار هێزی هاوپەیمانی کورد و عەرەب لە سووریە لە چواچێوەی هێزەکانی سووریەی دێموکراتیک (هەسەدە)، پێویستییان بە هاوکاریی سەربازیی ئەمریکایە بەرانبەر بە هێرشەکانی داعش.
لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بوونی هێزێک لەو ڕادەیە بۆ بەرەنگاربوونەوە و بەرگری لە سەرهەڵدانەوەی داعش لەو ناوچەیە زۆر پێویستە، بەڵام ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم هێزانە لە بەرانبەر داعشدا دەبێ لە بواری نیزامییەوە یارمەتییان بدات.
هێزەکانی (هەسەدە) لە ساڵی ٢٠١٥ و ٢٠١٦ بە کردەوە لە شەڕی داعشدا بەشدارییان کرد و توانییان بە یارمەتی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا و هاوپەیمانانەوە ئاکامی شەڕەکە بگۆڕن و بەشێکی زۆر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریە لە دەستی داعش ڕزگار بکەن. لەئێستادا بە کردەوە هیچ بەشێک لە سووریە بە دەست داعشەوە نەماوە، بەڵام گرووپەکانی گرێدراو بە داعش لەو ناوچانەی کە لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریەی دێموکراتیک دان، جاروبار دەست دەدەنە کردەوەی تیرۆریستی و تەقینەوە.
توێژینگەی واشینگتۆن بۆ کاروباری ڕۆژهەڵتی ناوەڕاست، ژمارەی هێزەکانی (هەسەدە) بە ١٠٠ هەزار کەس ئەژمار دەکا کە بە یارمەتی ٩٠٠ سەربازی هێزەکانی زەوینی و ئاسمانیی ئەمریکا، توانیویانە جموجۆڵەکانی داعش لە ڕۆژهەڵاتی چۆمی فوڕات کۆنتڕۆڵ بکەن.