دوو هاووڵاتیی کورد کە لە سەرەتای مانگی خەرماناندا لە شاری نەغەدە دەسبەسەر کرابوون، لەژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای “ورمی”دا گیانیان لەدەستدا.
بەپێی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوو کەس لە دەسبەسەرکراوانی ئەم دواییەی نەغەدە بە ناوەکانی “ئەسعەد ڕامین” و “داود ڕەحیمی” کە برای هاوسەری ئەسعەدە و تەمەنی ٣٥ ساڵ بووە، لەژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای ورمێدا گیانیان لەدەستداوە.
ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە پاش دەسبەسەرکران و لە کاتێکدا کە بریندار بوون، گوازراونەتەوە بۆ ئیتلاعاتی سپای ورمێ و لە سەرجەم مافەکانی بەندکراوان و لەوانەش مافی دەرمان بێبەش کراون.
ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای نەغەدە، ڕۆژی دووشەممە کاتژمێر ١١:٣٠ بنەماڵەی ئەو دوو هاووڵاتییەیان بانگ کردۆتە ئیتلاعاتی سپای نەغەدە و پێیان ڕاگەیاندووە کە ئەسعەد و داود ئەندامی حیزبێکی کوردی دژبەری ئێران بوونە و داوایان لێ کردوون کاتژمێر دووی پاش نیوەڕۆ دیسان سەردانی ئەم شوێنە بکەنەوە.