سکرتێری گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی ڕایگەیاند کە چالاکییەکان و چاوەدێرییەکانی ئاژانس لە ئێران زۆر لاواز بووە.
ڕافائێل گڕووسی، سکرتێری گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی، ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە یەکەمین ڕۆژی دانیشتنی ئاژانس لە ڤییەن، بە ئاماژە بە هەبوونی ئۆرانیۆم لە سێ دامەزراوەی ناوکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕایگەیاند کە چاوەدێرییەکانی ئاژانس لە ئێراندا ڕووبەڕووی مەترسی بووەتەوە و بڕیارەکانی ئێران لەهەمبەر کەمکردنەوەی چالاکییە چاوەدێرییەکانی ئاژانس و ئیزننەدان بە لێکۆڵەرانی ئاژانس بۆ چاوەدێری، کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر چالاکییەکانی ئاژانس داناوە.
هەر لەم پێوەندییەدا محەممەد ئیسلامی، بەرپرسی ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ئێران لە یەکەمین ڕۆژی ئەو دانیشتنانە لە ڤییەن، بە دووپاتکردنەوەی داواکارییەکانی دەوڵەتی ئێران لەهەمبەر لاچوونی هەموو گەمارۆکانی سەر ئێران لەلایەن ئەمریکاوە وتی: ئەو خاڵە مەرجی سەرەکیی ئێمەیە بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی وتووێژەکان و دووبارەکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی.
جێگای ئاماژەیە کە پێشتریش لە دانیشتنی چوار ڕۆژەی شۆرای بڕیاردەری ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی لەهەمبەر هاوکاریینەکردنی ئێران لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزە، گڕووسی ڕایگەیاندبوو کە ئێران هیچ وڵامێکی لەهەمبەر هەبوونی ئۆرانیۆم لە سێ دامەزراوەی ناوکیی ئەو وڵاتە بە ئاژانس نەداوەتەوە و بەردەوامە لە ئیزننەدان بە لێکۆڵەرانی ئاژانسی وزە بۆ چاوەدێری دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران.