میخائیل ئۆلیانۆف، ڕایگەیاند کە دەبێ هەموو هەوڵەکانمان بۆ گەرانەوەی وتووێژە ناوکییەکان بخەینەگەڕ، لەبەرئەوەیکە پلانە جێگرەوەکان زۆر قورس و نادڵخوازن بۆ ئێران.
میخائیل ئۆلیانۆف، نوێنەری تایبەتیی ڕووسیە لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە وتووێژێکدا بە هەواڵدەریی ئەلعەرەبییەی ڕاگەیاند کە وەدرەنگکەوتنی ئێران لە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن قەبووڵ دەکرێ بەڵام هیچ یارمەتییەک بە چارەسەرکردنی کێشەکان ناکا و دەبێ وتووێژەکان لەو شوێنەی کە ڕاوەستاوە، دەسپێبکاتەوە و چی دیکە نابێ ئێران دانیشتنەکان وەدرەنگ بخا.
هەر لەم پێوەندییەدا ئەمریکا هۆشداری دەدا و دەڵێ: کاتی گەڕانەوەی ئێران بۆ وتووێژە ناوکییەکان و ڕێککەوتنی بەرجام ڕوو لە تەواو بوونە و هیچ کاتێکی نەماوە.
وڵاتانی “فەرانسە، ئاڵمان و بریتانیا”ش لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا، داوایان لە ئێران کردووە کە بە خێراترین کات بگەڕێتەوە سەر مێزی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن.
ئۆلیانۆف لە کۆتاییدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە لە ئێستادا تۆپ لە مەیدانی ئێران دایە و دەبێ بە خێراترین کات بگەڕێتەوە بۆ درێژەی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن.