وەزارەتی پەروەردەی ڕێژیم لە بڕیارێکدا، سەرەڕای گوشارە ئابوورییەکانی سەر بنەماڵەکان، شەهرییەی قوتابخانەکان لە سەدا ٣٢ زیاد دەکا.
“شەهرییە”ی قوتابخانەکان ئەمساڵ لە سەدا ٣٢ زیادی کردووە، لە حاڵێکدا ساڵی ڕابردوو بەهۆی ڤایروسی کۆرۆناوە زۆربەی قوتابخانەکان داخرابوون و هیچ چالاکییەکیان نەبوو، بەڵام وەزارەتی پەروەردەی ڕێژیم ڕایگەیاندووە کە ئەمساڵ “شەهرییە”ی قوتابخانەکان لە سەدا ٣٢ زیاد دەکات. ساڵانە بەهۆی پەروەردەی سەقەت و نەبوونی بناغەی تایبەت بۆ پەروەردە لە کۆمەڵگا و قوتابخانەکان هەزاران منداڵ لە خوێندن دەست هەڵدەگرن و هیوا و ئاواتەکانی خۆیان لە بازاڕی کاردا دەبیننەوە.
سەختکردنی کاروباری خوێندن لە ئێران وێڕای ئەوەی کە لە یاسای بنەڕەتی ئەو وڵاتە ئاماژە بە خوێندنی خۆڕایی بۆ هەموو کەس تا تەمەنی ١٨ ساڵ کراوە، تەنیا یەک ئامانجی هەیە ئەویش دواکەوتوویی کۆمەڵگایە.