کۆڵبەرێکی خەڵکی سەردەشت بە ناوی ” ئومید محەممەدزادە” لە ناوچە سنوورییەکانی ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هیزە داگیرکەرەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران گیانی لەدەستدا.
بەپێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان “چاونیوز”، ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، ئومید محەممەدزادە خێزاندار و باوکی سێ منداڵ ، خەڵکی گوندی “گروێس”ـی سەر بە ناوچەی ئالانی سەردەشت، لە کاتی کۆڵبەریدا لە ناوچە سنوورییەکانی “دۆڵەتوو”، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە تەقەی لێکرا و لە ئاکامدا گیانی لەدەستدا.
جێی ئاماژەیە کە، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ڕۆژانە بە بیانووی جۆراوجۆرەوە تەقە لە هاووڵاتییانی کورد دەکەن و لە ئاکامدا یان گیانیان لەدەستدەدەن یان کەمئەندام دەبن و ڕێژیمی دژەگەلیی تاران نایهەوێ لەوە تێبگات کە ئەو کۆڵبەرانە لەو ڕێگا پڕ لە مەترسییەوە بژێوی ژیانیان دابین دەکەن.