مام ڕەحمان محەممەدی باوکی شەهید سمایل محەممەدی، بەهۆی نەخۆشییەوە لە گوندی “نەرزەمێز” سەر بە شاری شنۆ ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، مام ڕەحمان محەممەدی، باوکی شەهید سمایل محەممەدی و کاک ڕەحیم محەممەدی کەمئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە تەمەنی ٨٠ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە لە گوندی نەزرەمێز ماڵاوایی لە ژیان کرد.
مام ڕەحمان کەسایەتییەکی خۆشناو و نیشتمانپەروەری ناوچەکه بوو کە بەهۆی خۆشەویستییەکەی بۆ گەڵ و نیشتمان، جگەرگۆشەیەکی بە ناوی شەهید سمایل پێشکەش بە بارەگای ئازادی کوردستان کردووە.
شەهید سمایل، پێشمەرگەیەکی ئازا و چاونەترسی حیزبی دێموکراتی کوردستان بووە کە لە ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی، لە تێکەهەڵچوونێکدا لەگەڵ بەکرێگیراوانی ڕێژیمی ئێران، گیانی پاکی فیدای خاک و نیشتمان دەکا و تێکەڵ بە کاروانی نەمرانی حیزب وگەل دەبێ.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێرای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بۆ کۆچیدوایی مام ڕەحمان محەممەدی سەرخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و سەرجەم خزم و کەسوکاریان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.