محەممەد تاهیر کاکەمەم، ئەندامی پێشووی حیزبی دێموکرات و کەسایەتیی خۆشناوی ناوچەی پیرانشار لە تەمەنی ٦٢ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی هەینی ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، ئەندامێکی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستان و کەسایەتییەکی خۆشناوی ناوچەی پیرانشار بە ناوی محەممەد تاهیر کاکەمەم ناسراو بە مام تاهیر کاکەمەم، لە تەمەنی ٦٢ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە لە پیرانشار ماڵاوایی لە ژیان کرد.
کاک محەممەد تاهیر، ئەندامێکی دڵسۆز و وەفاداری حیزبی دێموکراتی کوردستان و جێگەی باوەرێ خەڵکی ناوچەی پیرانشار بووە و چەندین جار لەسەر هاوکاریگەیاندن بە پێشمەرگەکانی حیزب، بانگی ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێران لە پیرانشار کراوە و تا دوایین هەناسە وەفادار بە ڕێبازی پڕ لە شانازی حیزبی دێموکراتی کوردستان مایەوە.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بۆ کۆچیدوایی کاک محەممەد تاهیر کاکەمەم، سەرخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و سەرجەم خزم وکەسوکاریان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.