وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە هۆکاری سەپاندنی گەمارۆکان بەسەر حیزبوڵای لوبناندا، چالاکییە تێکدەرانەکانی ئەو گرووپەیە لە ناوچەکەدا.
جێرائەدین گریفێتس، وتەبێژی ناوچەیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە گەمارۆکانی ئەمریکا بەهۆی چالاکییە تێرۆریستییەکانی حیزبوڵای لوبنانەوە لە ناوچەکە بەردەوامە و گەمارۆکان بە تەنیا ئەمریکا نەیسەپاندووە بەسەر حیزبوڵادا، بەڵکوو گەمارۆکان هەموویان نێونەتەوەیین.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: ئێمە بەردەوامین لە سەپاندنی گەمارۆ و گوشار خستنە سەر حیزبوڵای لوبنان تا ئەو کاتەی کە ئەو گرووپە کۆتایی بە دەستێوەردانەکانی و کارە تێرۆریستییەکانی لە ناوچەکەدا دەهێنێ و بە سەپاندنی گەمارۆگەلێکی نوێ بەسەر حیزبوڵادا پێش لە کەڵکوەرگرتنی نابەجێی ئەو گرووپە لە سەرچاوە دارایییەکانی دەوڵەتی لوبنان دەگرێ.
هەر لەم پێوەندییەدا وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ڕۆژی هەینی، گەمارۆگەلێکی نوێی بەدژی حیزبوڵای لوبنان و چەند کەسێکی پێوەندیدار بە حیزبوڵاوە سەپاند و لە بەیاننامەیەکدا ئەو وەزارەتە ڕایگەیاند کە ئەندامانی باندێکی ماڵیی نیشتەجێ لە لوبنان و کوەیت کە یارمەتی ماڵی بۆ حیزبوڵای لوبنان و سپای قودسی ڕێژیمی ئێران کۆدەکەنەوە، گەمارۆی قورسیان خراوەتە سەر.
لە درێژەی بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە کە ئەندامانی ئەو باندە کە گەمارۆیان خراوەتە سەر بە دەیان میلیۆن دۆلاریان پارە سپیکردۆتەوە لە قازانجی حیزبوڵای لوبنان و سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران.