نیویۆرک تایمز: میلیشیا چەكدارەكانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە عێراقدا، بوونەتە هۆکاری ئاژاوە و پشێوی
ڕۆژنامەی ئەمریكایی نیۆیۆرک تایمز یەكشەممە ١٩ی سێپتامبر لە بابەتێكدا ئاماژەی بەوە كردووە كە میلیشیا چەكدارەكانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە عێراقدا، بوونەتە هۆکاری ئاژاوە و پشێوی و ناڕەزایەتیی خەڵكی شاری كەربەلا.
نیویۆرک تایمز ئاماژەی بەوە داوە کە میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، لە ڕۆژی ڕووناك دەستیان داوەتە تیرۆری چالاكێكی سیاسیی عێراقی لە پێش ماڵی خۆیدا بە ناوی “ئەیهاب ئەلوەزنی”.
نیویۆرک تایمز هەروەها ڕایگەیاند کە خەڵکی کەربەلا لە دژکردەوە بە تێرۆرکردنی چاڵاکانی ئەو وڵاتە لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، کۆنسوڵخانەی ئێرانیان لەو شارە ئاگر تێبەردا.
ئەو ڕۆژنامەیە نووسیویەتی: لە یەکێک لە شەوەکانی ئەمساڵ “سەمیرا عەباس کازم” لە کاتێکدا کە چاوەڕوانی کوڕەکەی دەکرد کە بگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە، میلیشیا تێرۆریستەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی، بە تەقەی ڕاستەوخۆ لە بەردەم ماڵی خۆیاندا کوڕەکەیان تێرۆر کرد، ناوبراو دایکی “ئەیهاب ئەلوەزنی”ـیە، یەکێک لە چالاکانی سیاسی، مەدەنی و یەکێک لەو چالاکە دیارانە کە بە دژی ملیشیاکانی ڕێژیمی ئێران خۆپیشاندانی وەڕێ دەخست و لەلایەن میلیشیاکانی کۆماری ئیسلامییەوە تێرۆر کرا.