کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٩ی سێپتامبری ٢٠٢١ی زایینی، لە وڵاتی فەرانسە لە گۆڕستانی “پێرلاشێز” بە مەبەستی بەرزڕاگرتنی یاد و ناو و ئامانجە بەرزەکانی ڕێبەری شەهید دوکتور سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی شەهید فەتاح عەبدولی و شەهید هومایون ئەردەڵان کۆبوونەوەیەکی پێکهینا.
ئەم ڕێوڕەسمە کە بە ئامادەبوونی بەشێک لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەڕیوەچوو، بە سروودی نەتەوایەتی “ئەی ڕەقیب” دەستی پێکرد و پاشان خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی حیزب و گەل ڕاگەیەندرا.
دواتر لە لایەن بەرپرسی کۆمیتەی حیزبەوە وێڕای بەخێرهێنان و ڕێزگرتن لە بەشداربووان، چەند وتەیەک بەم بۆنەیە پێشکەش کرا. پاشان بەشداربووان بە دانانی تاجەگوڵینە لەسەر مەزاری شەهیدان و داگیرساندنی مۆمی ٢٩ ساڵەی ئەم کارەساتە بەرنامەکەیان درێژە پێدا.
لە ڕێوڕەسمەکەدا سەرجەم ئامادەبووان وێڕای شەرمەزارکردنی تێرۆری دوکتور سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی و سیاسەتی دوژمنکارانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرامبەر بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستان، جارێکی تر پەیمانی سۆز و وەفایان لەگەڵ ڕێبەرانی شەهید نوێ کردەوە و بەڵێنیان دا تا گەیشتن بە ئاوات و ئامانجە بەرزەکانیان دەست لە خەبات و تێکۆشان بەر نەدەن.
جێی ئاماژەیە کە ئەم ڕێوڕەسمە لە کاتژمێر ١٠:٣٠ بەیانی دەستیپێکرد و ١٢:٣٠ کۆتایی پێهات.