ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٩ سێپتامبری ٢٠٢١ زایینی، کاتژمێر ٤ی دوای نیوەڕۆ گردبوونەوەیەک لە ناوەندی شاری “ڤییەن” بۆ مەحکوومکردنی ئەو هێرشە دڕندانەیەی کە سپای تێرۆریستی پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران کردوویەتە سەر ناوچە سنووریەکانی باشوری کوردستان بە بیانووی ئەوەی کە هێزەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی لەم ناوچانە جێگیرن و هەروەها بۆ ڕیزگرتن لە شەهیدانی ١٧ی خەرمانانی مووشکبارانی قەڵای دێمۆکرات و بیرهێنانەوەی تێرۆری میکۆنووس و مەحکوومکردنی هەمووی ئەو کردەوە جینایەتکارانەی، کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە مانگی خەرماناندا بەدژی نەتەوەی کورد ئەنجامی داوە بە بەشداریی کوردەکانی دانیشتووی ڤییەن و دەوروبەری بەڕێوەچوو.
شایانی باسە بەرنامەی ئەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە بە سروودی نەتەواویەتی ئەی ڕەقیب دەستیپێکرد و پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە لایەن دوکتور “عەلی مازوچی” بە زمانی ئاڵمانی خوێندرایەوە. پاشان چەند دروشم بە زمانەکانی ئاڵمانی و فارسی و کوردی لە گۆڕەپانی شوێنی خۆپیشاندانەکە لەلایەن بەشدارانەوە وترانەوە.
شایانی باسە کە بەشداربووان بە ئاڵای پیرۆزی کوردستان و هەروەها وێنەی شەهیدان ، دروشم و پلاکارد شوێنی خۆپێشاندانەکەیان ڕازاندبۆوە.