هێزی دەریایی هیندوستان، دەستی بەسەر بەلەمێکی ئێرانی کە بارێکی گەورەی ماددەی هۆشبەر”هێرۆئین”ی دەگواستەوە لە ئاوەکانی هەرێمی “گەجەرات”دا، گرتووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی تایمز کە ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی بڵاوکراوەتەوە، بنکەی دژە تیرۆر و هێزە دەریاییەکانی وڵاتی هیندوستان لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا، دەستیان بەسەر بەلەمێکی ئێرانی کە بارێکی ٣٠ تا ٥٠ کیلۆیی ماددەی هۆشبەری لە جۆری هێرۆئین دەگواستەوە، گرتووە و هەموو کارمەندەکانی ئەو بەلەمە کە ٧کەسی ئێرانی بوون، دەسبەسەر کراون.
پێوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی بەرگریی هەرێمی گەجەرات، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە لە زاری “هیمانشۆ شوکلا” بەرپرسی دەزگای دژە تێرۆری هیندوستان ڕایگەیاند کە بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بە دەستمان گەیشتووە، بەلەمە ئێرانییەکان بەردەوام لە ئاوەکانی هیندوستان خەریکی گواستنەوە و قاچاخی ماددەی هۆشبەرن.
هەر لەم پێوەندییەدا و لە ماوەی ڕابردوودا، ماڵپەڕی زانیارییەکانی دەوڵەتی هیندوستان، هەواڵێکی لەهەمبەر دەسبەسەرکردنی ٩ قاچاخچی ئێرانی و دەسبەسەرداگرتنی ١٠٠ کیلۆ ماددەی هۆشبەر لە جۆری هێرۆئینی لە کەناراوەکانی هەرێمی گەجەرات بڵاو کردبووەوە.