ئەندامێکی کۆمیتەی ئاسایش و بەرگریی پارلەمانی عێراق ڕایگەیاند کە دەوڵەتی عێراق ناتوانی هیچ وڵامێکی هەڕەشەکانی ئێران بەدژی هەرێمی کوردستان بداتەوە.
عەبدولخالق ئەلغەزاوی، ئەندامی کۆمیتەی ئاسایش و بەرگریی پارلەمانی عێراق، ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی”ڕووداو” لەسەر هەڕەشەکانی محەممەد باقری، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران کە وتبووی تاران هێرشە سەربازییەکانی خۆی لەه ەرێمی کوردستان بەدژی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بەربڵاوتر دەکاتەوە وتی: ئەم قسانە زۆر جیددی نین و تەنیا بە مەبەستی پڕوپاگەندە بۆ ڕاگەیاندنەکان دەکرێن.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: ئێران دەڵێ، هێندێک ئامانجی سەربازیمان لە هەرێمی کوردستانی عێراق دیاری کردووە کە ئەم قسانە لەلایەن پارلەمانی عێراقەوە قەبووڵ ناکرێ و وەرناگیردرێ.
جێگای ئاماژەیە کە پێشتر محەممەد حوسێن باقری، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم وتبووی کە ئێران دەیهەوێت درێژە بە هێرشە سەربازییەکانی بۆسەر بنکە و بارەگاکانی حیزبە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەرێمی کوردستان بدا.