لە بەردەوامیی هەڕەشەکانی بەرپرسانی سپای تێرۆریستی پاسداران لە بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان، ئەم جارە پاسدار باقری دژ بە خەباتی ڕەوای گەلی کورد هەڵوێستی دوژمنکارانەی خۆی دەرخست.
بەپێی هەوڵی هەواڵدەرییەکانی نزیک لە سپای پاسداران، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە درێژەی هەڵوێستە شەڕانگێزانەکانی بەرپرسانی سپای تێرۆریستی پاسداران، ئەم جارە پاسدار محەممەد باقری، سەرۆکی ناوەندی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم، هەڕەشەی لە بزووتنەوەی ڕەوای خەڵکی کوردستان کرد.
ئەو جۆرە لێدوانانەی کاربەدەستانی ڕێژیم، دوای ئەوە زیادی کردووە کە هێرشی پتر لە حەوتووویەکی سپای پاسداران بۆ سەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنوورەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان هیچ چەشنە سەرکەوتنێکی سەربازیی نەبووە و لە زۆربەی وڵاتانی ئورووپایی ئەو هەوڵە تێرۆریستییانەی ڕێژیم لەلایەن خەڵکانی کورد، ئێرانی و ئورووپایی ئیدانە و مەحکووم کراوە و تەنانەت سەرباری کەشی ئەمنییەتی و ترس و تۆقاندنی چاڵاکانی مەدەنی و سیاسی، دەنگی ناڕەزایەتی لە نێوخۆی وڵاتیش بەرز بووەتەوە.
ئەو بەرپرسەی سپای پاسداران ڕووهەڵماڵاوانە داوای کپکردنی دەنگوڕەنگی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کورد تەنانەت لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران کردووە و لە هەوڵێکی چەواشەکارانەدا، ئامادەیی هێزی پێشمەرگە بۆ پاراستنی کەرامەتی نەتەوەیی و بە مەبەستی بەرپەرچدانەوەی پیلانە تێرۆریستییە یەک لەدوای یەکەکانی کۆماری ئیسلامی بە جێگای مەترسی ناودەبات.
جێی ئاماژەیە کە کەڵەکەبوونی قەیرانە نێوخۆیی و دەرەکییەکان و دەستەوەستانی ڕێژیم لە چارەسەرکردنیان و ترسی ئەو دەسەڵاتە جینایەتکارە لە قۆناخی دوای کۆرۆنا و هاتنە سەر شەقامی دەنگە وەزاڵەهاتووەکانی سەرانسەری ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی، هۆکاری سەرەکی ئەو چەشنە گوشار و هەڕەشانەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لەدژی بزووتنەوەی ڕەوای خەڵکی کوردستان لە قۆناغی هەنووکەییە.