ساڵانه نزیكه‌ی ٥٠٠ هه‌زار كه‌س له خه‌ڵکی ئێران تووشی سه‌كته‌ی دڵ‌و مێشك ده‌بن و له‌وه‌نده که‌سه نزیكه‌ی ١٦٠ هه‌زار كه‌سیان گیانیان له ده‌ست ده‌ده‌ن.
ڕه‌زا مه‌له‌ك زاده، جێگری لێكۆڵینه‌وه‌كانی وه‌زاره‌تی بێهداشت ڕایگه‌یاند بوونی چه‌وری، فشار‌و قه‌ندی خوێن، قه‌ڵه‌وی‌و جووڵه‌ی كه‌م بواری تووشبوون به نه‌خۆشییه‌كانی دڵ و مێشك پێك دێنن.
ناوبراو ده‌ڵێ نیوه‌ی خه‌ڵكی ئه‌م وڵاته له ته‌مه‌نی ٥٠ ساڵی تووشی نه‌خۆشیی فشار و چه‌وریی خوێن ده‌بن.
به قسه‌ی جێگری وه‌زیری بێهداشت، نزیكه‌ی سه‌دی ٣٠ی نه‌خۆشییه‌كانی دڵ و ده‌مار و سه‌كته‌كانی دڵ و مێشك له ئێران له نێو لاوان و ژێر ٥٥ ساڵدا ڕوو ده‌دا.
ناوبراو داوای له خه‌ڵك كردوه بۆ پێش‌گرتن به سه‌کته‌ی مێشك و دڵ شێوه‌ی ژیانیان بگۆڕن و خۆیان له خواردنی چه‌وری، قه‌ندو شه‌كر، خوێ جغاره و خواردنه ئاماده‌كان بپارێزن.
مه‌له‌كزاده له حاڵێكدا ئه‌م قسانه‌ی ده‌كرد كه جه‌لاله‌دین میزایی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی خواردنی ئێران، گوتبووی له ئێران ڕۆژانه ١٢ گره‌م خوێ ده‌خورێ، له حاڵێكدا به‌پێی ستانداری جیهانییه‌كه‌ی ڕۆژانه ده‌بێ ٥ گره‌م بخورێ.
كارناسان له‌سه‌ر ئه‌م بڕوایه‌ن كه ئه‌گه‌رچی ته‌مه‌نی هیوا به ژیان له ئێران‌دا هه‌ڵکشاوه، به‌ڵام به هه‌مان نیسبه‌تیش نه‌خۆشییه‌كانی دڵ و ده‌مار ته‌نانه‌ت له نێو لاوانیش‌دا زیادی کردوه.