ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٨ی سێپتامبری ۲٠۲۱ی زایینی، کاتژمێر ۱۲:۳٠ نیوەڕۆ، بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی و مەحکوومکردنی هێرشەکانی ڕێژیمی کۆماری ئێسلامیی ئێران بۆ سەر سنوورەکانی کوردستان، ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندام و لایەنگران و دۆستانی ھێز و لایەنە سیاسییەکانی ئەندام لە ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران و ھەروەھا کۆمەلێک لە چالاکانی سیاسیی کورد و فیدڕاسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان لە دانمارک لە بەردەم باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری”کۆپێنھاگ” خۆپیشاندان و گردبوونەوەیەکی جەماوەریی بەرفراوان بەڕێوەچوو.
ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی ” ئەی ڕەقیب” و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستیپێکرد.
پاشان لەلایەن بەرێوەبەری خۆپێشاندانەکە، هاوڕی “ئەحمەد ڕەحمانی”، بەخێرهاتنی بەشداربووانی خۆپیشاندانەکە کرا و مەبەستی سەرەکی ئەم خۆپێشاندانەی کەوتە بەرباس.
لە درێژەی بەڕێوەچوونی ئەم خۆپێشاندانەدا پەیامی ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە زمانەکانی کوردی، ئینگلیسی و فارسی لەلایەن بەڕێزان “عەلی وەتەمیشی”، “حەتەم جەهانگیری” و “وریا مەللاک”، نوێنەرانی حیزبەکانی ئەندام لە ناوەندی هاوکاریدا خوێندرایەوە.
لە پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێراندا ئاماژە بەوە کرا کە ئەوە یەکەمجار نییە کۆماری ئیسلامی سەروەرییەکانی خاکی ھەرێمی کوردستان پێشێل دەکات، سنوورەکان دەبەزێنێ، دەکەوێتە هەڕەشەکردن لە گیان و ماڵ و سامانی خەڵکی مەدەنی و ھەروەھا ھەوڵدان بۆ ئاژاوە دروستکردن لەنێوان خەڵکی ئەم ناوچە سنووریانە و ھێزەکانی دژبەری خۆی و ئەم پەلامار و ھێرشانەی کە ماوەیەکە بۆ سەر ھێز و لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە ناوچە سنووریەکان دەستی پێکردووە درێژەی ھەمان سیاسەتی دوژمنکارانەی خۆیەتی بەرامبەر بە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان.
لە پەیامی ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کورستانی ئێراندا هەروەها ئاماژە بە قەیرانە ناوخۆییەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران کرا بوو، لە ماوەی ئەم ٤٣ ساڵەی دەسەڵاتی خۆی دا ھەرگیز بەدوای چارەسەرێکی لۆژیکیدا نەبووە بۆ ئەم قەیرانانە و بە خۆدزینەوە ویستوویەتی ئەم باروودۆخەی پەردەپۆش بکات.
دوا بەشی پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران مەحکوومکردنی ئەو هەڕەشە و هێرشانەی رێژیمی کۆماری ئیسلامی بوو. ھەروەھا داوای لە بیروڕای گشتیی خەڵکی کوردستان، ئازادیخوازان، هێز و لایەنە سیاسییەکانی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان و وڵاتی عێراق و کومەڵگای نێودەوڵەتی دەکات لە ئاست ئەم ھەڕەشە و فشارانە بێدەنگ نەبن و سنوورێک بۆ ئەو زیادەڕۆیی و پێشێلکارییەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی دابنێن و هەڵوێستی شیاوی خۆیان بە کردەوەیی بکەن و لە بەرامبەر ئەو پێشێلکاریانەی کۆماری ئیسلامی دا بوەستنەوە.
لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکەدا پەیامی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان و نوێنەرایەتیی ڕۆشنبیرانی کورد لە دانمارک پێشکەش کران.
دوا بابەتی ئەم خۆپیشاندان و گردبوونەوە جەماوەریە چەند وتەیەک بوو لە لایەن کاک “سلێمان کەڵەشی” بە نوێنەرایەتیی ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران و ناوبراو تەئکیدی لە سەر تەبایی و گیانی ھاوکاریی ھیز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران کرد و ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانی بە ھەنگاوێکی باش زانی و ھیوای ئەوەی خواست کە ھەرچی زیاتر کار بکرێ بۆ یەکیەتیی و گیانی تەبایی ھێز و لایەنە سیاسیەکان.