وەزارەتی دارایی ئامریکا ڕایگەیاند کە ئەندامانی دوو تۆڕی نێودەوڵەتی کە کاریان پشتیوانیی دارایی لە حزبوڵای لوبنان و سپای پاسداران بووە، خستووەتە لیستی گەمارۆکانەوە.
بەپێی ئەم ڕاگەیەندراوە، ئەو دوو تۆڕە بە ئاڵوگۆڕکردنی دەیان میلیۆن دۆلار لە ڕێگەی سیستمی ئابووریی ناوچەییەوە و لە بەرژەوەندیی سپای پاسداران و حزبوڵای لوبنان لە بازاری زێڕ و ئامێرە ئێلێکترۆنییەکاندا کاریان کردووە.
یەکێک لەو تۆڕانە لەژێر چاودێریی “مێقداد ئەمینی” و “عەلی قەسیر”دا بووە کە کاریان دەوردانەوەی گەمارۆکان و ئاسانکاری و ئاڵوگۆڕی دارایی بووە بۆ “لقی قودس”ی سەر بە سپای پاسداران و حزبوڵڵای لوبنان.
ئەو دوو کەسە ئیدارەی تۆڕێکیان کردووە و لە ٢٠ کەس پێکهاتوون کە لە وڵاتانی ئیمارات، چین و هۆنگ کۆنگ سەرقاڵی فرۆشتنی دەیان میلیۆن دۆلار زێڕ، نەوت، کەلوپەلی ئێلێکترۆنی، هەروەها دراوە بیانییەکان بوون و سوودی ئەو ئاڵۆگۆڕە بازرگانییانە بۆ حزبوڵڵای لوبنان و سپای پاسداران بووە.
وەزارەرتی دارایی ئەمریکا لەو ڕاگەیەندراوەدا ئاماژەی بە ناوی چەند کەسێکی وەک: ئومید یەزدانپەرست، حوسێن ئەسەدوڵڵا، محەممەدڕەزا کازمی، محەممەدعەلی دەمیرچی لوو، سەمانە دەمیرچی لوو، کردووە و ئەوەشی خستووەتە ڕوو ئەو کەسانە کارئاسانییان بۆ قاچاخی زێڕ و دراو لە ئێرانەوە بۆ تورکیە کردووە و ئەو کارەشیان لە ڕێگەی گەشتی کۆمپانیای فڕۆکەوانی ماهان ئەیرەوە جێبەجێ کردووە.
ئەندامانی دیکەی ئەو دوو تۆڕە کە ئەمریکا گەمارۆی ئابووریی خستوونەتە سەر، لە وڵاتانی لوبنان و کوەیت نیشتەجێن و ئەرکیان پشتیوانیی ئابووری و یارمەتیدانی حزبوڵای لوبنان بووە.