جێگری کۆمەڵایەتیی ڕێکخراوی بێهزیستی، هەواڵی گیان لەدەستدانی باوک و دایکی ٥١ هەزار منداڵی لە ئێران بەهۆی پەتای کۆرۆناوە پشتڕاست کردەوە.
حەبیبوڵا مەسعوودی فەرید، جێگری کۆمەڵایەتیی ڕێکخراوی بێهزیستی ئێران، ڕۆژی شەممە ٢٧ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی”جام جەم” وتی: هیچ پشتیوانی و پاڵپشتییەک بۆ ئەو ٥١ هەزار منداڵە کە باوک و دایکیان بەهۆی پەتای کۆرۆناوە گیانیان لە دەستداوە، لە ئارادا نییە.
ناوبراو بە ئاماژە بەوەیکە لەنێوان هەر دوو گەورەساڵێکدا کە گیانی لەدەستدەدا منداڵێکیش بێ سەرپەرەست دەبێ وتی: ئەو منداڵانەی کە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە بێسەرپەرەست دەبن لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە بە ڕێکخراوی بێهزیستی ناناسێندرێن و لە ئاکامدا ئەو ڕێکخراوەیە هیچ پشتیوانییەک لەو منداڵانە ناکا.
مەسعوودی فەرید لە درێژەدا بە ئاماژە بە ئامارەکانی ڕێکخراوی ئاماری ئێران ڕایگەیاند کە ٣٠هەزار ژنی سەرپەرەستی بنەماڵە، لە نۆرەی وەرگرتنی یارمەتی لە ڕێکخراوی بێهزیستی دان.