جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بەجەختکردنەوە لەسەر گرینگی ڕێککەوتنی ناوکیی بۆ ئەمریکا وتی: ڕێککەوتنی ناوکیی دەبێتە مەرجەعێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی چالاکییە ناسەقامگیرەکانی ئێران.
جالینا پورتێر، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی شەممە ٢٧ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، بە ئاماژە بە گرینگی گەڕانەوەی ئێران بۆ ڕێککەوتنی “بەرجام” وتی: ڕێککەوتنی ناوکیی باشترین ڕێگەیە لە ئێستادا بۆ بەربەستدانان لە بەردەم چالاکییە ناوکییەکانی ئێران و دەستێوەردانەکانی ئەو وڵاتە لە ناوچەکەدا و ڕێگریکردن لە چالاکییە مووشەکییەکانی.
لەلایەکی دیکەوە ڕەخنەگرانی بەرجام لەسەر ئەو باوەڕەن کە ڕێککەوتنی ناوکیی ناتوانێ پێش لە چالاکییە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە، بەرنامەی مووشەکیی و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێراندا بگرێ و هەر بۆیە ئەو ڕێککەوتنە ناتوانێ ڕێککەوتنێکی گشتگیر و تەواو بێ.
جێگای ئاماژەیە کە سەرەڕای هەموو هەوڵەکان بۆ بووژانەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی لە نێوان ئێران و زلهێزە جیهانییەکاندا و هەبوونی ناڕاستەوخۆی ئەمریکا لە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن، پاش هاتنەسەرکاری ئیبراهیم ڕەئیسی وەکوو سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران، وتووێژە ناوکییەکان تووشی ڕاوەستانێکی درێژماوە بووە.
جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەهەمبەر ئەگەری هەر جۆرە پێوەندی و دانیشتنێک لەنێوان بەرپرسانی ئێرانی و ئەمریکایی لە کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: ئەمریکا تا ئێستا هیچ بەرنامە و پلانێکی بۆ دانیشتن لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی نییە.