سكرتێری بەرەی یەكگرتووی كورد دەلێ مەترسیی سەرەكی بۆ سەر ئێران ڕەوتە سەلەفییەكانن، نەك حیزبە كوردییەكان.
“سیاوەش حەیاتی” دوای ئەوەی پێنج كاتژمێر لەلایەن ھێزە ئەمنییەكانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بانگكرابوو و لێپێچینەوەی لێكرابوو، بە “وژمان”-ی ڕاگەیاند كە بەو كەسانەی لێپێچینەوەیان لەگەڵ كردووە، وتووە كە دەسەڵاتی ئێران دەبێ ھاوپەیمانییەکی ستراتیژی لەگەڵ كوردەكان ببەستێ، نەک بە تۆپ و فڕۆكە وڵامی داخوازییەكانیان بداتەوە.
بە وتەی حەیاتی حیزبە سیاسییەکانی كوردستان بەشێكن لە جەماوەری كوردستانی ئێران، ھەر بۆیە ئەگەر بۆردوومان بكرێن و گوشاریان بخرێتەسەر، دۆخی ناوخۆی ئێران و كوردستان ئالۆزتر دەبێت. سكرتێری بەرەی یەكگرتووی كورد بە لایەنە ئەمنییەكانی وتووە كە مەترسیی سەرەكی بۆ سەر ئێران كوردەكان نین، بەڵكوو ڕەوتە سەلەفییەكانن.