هونەرمەندێکی خەڵکی سەقز خەڵاتی باشترین ئەکتەری “فیستیڤاڵی” ئیسپانیای بەدەستهێنا.
فەرەیدوون حامیدی، ئەکتەرێکی کورد، خەڵکی شاری سەقز، خەڵاتی باشترین ئەکتەری لە دەیەمین فێستیڤاڵی “ڕیورائۆ”ی ئیسپانیا، بۆ فیلمی “زەبح” لە کوردستان بەدەستهێنا.
دەیەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی ڕیورائۆ، ٢٢ی خەرمانانی ئەمساڵ، لە شاری “ئالیکانتا”ی وڵاتی “ئیسپانیا” بەڕێوە چوو.
کورتە فیلمی “زەبح” بەرهەمی هاوبەشی دوو دەرهێنەری کورد بە ناوەکانی “ئاکۆ زەندکەریمی” و “سامان حوسێنپوور”ە.
ئەو کورتە فیلمە باس لە چیرۆکی بنەماڵەیەک دەکا کە بۆ تێپەڕاندنی زستانێکی سەخت، دەبێ مانگاکەیان بفرۆشن، بەڵام کوڕی ئەو بنەماڵەیە لە بڕیاری فرۆشتنی ئەو مانگایە دڵخۆش نییە و هەوڵی ڕزگاریی مانگەکەیان دەدا.
کورتە فیلمی زەبح ماوەی ١٣ خولەکە و کاری وێنەگرییەکەشی لە گوندەکانی “پایگەلان و گواز” ئەنجام دراوە.
شایانی باسە کە ئەو کورتە فیلمە لە چەند ساڵی ڕابروودا، چەندین خەڵاتی لە فێستیڤاڵە نێوخۆیی و بیانییەکانی بەدەستهێناوە.