دایە ڕەعنا تەمەدونی، دایک و خوشکی دوو شەهیدی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ئاوایی نسڵ سەر بە شاری سەوڵاوا لە ناوچەی مەریوان لە تەمەنی ٧٦ ساڵیدا کۆچیدوایی کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، دایە ڕەعنا تەمەدونی دایکی شەهید جەماڵ مورادی و هەروەها خوشکی شەهید خەلیفە ڕەشید، بەهۆی نەخۆشی و لە تەمەنی ٧٦ ساڵیدا لە ئاوایی دێموکراتپەروەری ” نسڵ” سەر بە شاری سەوڵاوا ماڵاوایی لە ژیان کرد.
جێگای ئاماژەیە کە شەهید جەماڵ مورادی( کوڕی دایە ڕەعنا) ڕۆژی ١٨ی پووشپەڕی ساڵی ٦٨ی هەتاوی لە ناوچەی بووکومارانی دگاگا لە ناوچەی مەریوان شەهید بووە و هەروەها خەلیفە ڕەشید( برای دایە ڕەعنا)، ڕۆژی ١٧ی بانەمەڕی ساڵی ٥٩ی هەتاوی لە ناوچەی مەلاقووبی مەریوان شەهید بووە.
دایە ڕەعنا ژنێکی ئازا و بوێر و کوردپەروەر بوو و هەموو کات ئاواتی ڕزگاریی نەتەوە و نیشتمانەکەی لە چنگی داگیرکەران بووە و شانازیی بە برا و کوڕە شەهیدەکەیەوە دەکرد و بەگیان و بەدڵ لە خزمەتی پێشمەرگە و حیزبی دێموکراتدا بوو.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بۆ کۆچیدوایی دایە ڕەعنا، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزی و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.