ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٧ی سێپتامبری ۲٠۲۱ی زایینی، خۆیێشاندان و کۆبوونەوە بە نیشانەی ناڕەزایەتی و مەحکوومکردنی ڕێژیمی کۆماری ئێسلامیی ئێران، لە بەردەم پارلەمانی نۆروێژ لە شاری”ئۆسڵۆ لەلایەن ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەڕێوەچوو.
ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی “ئەی ڕەقیب” و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ئازادی کورد و کوردستان دەستیپێکرد.
پاشان لەلایەن بەرێزان ” ئیبراهیم کۆنەپۆشی” و” بەفرین رۆستەمی” بە هەر دوو زمانی کوردی و نۆروێژی بەخێرهاتنی بەشداربووان کرا و چەندین دروشمی کوردی و نۆروێژی و فارسی بۆ پشتیوانی لە هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دژی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەلایەن بەرێوەبەران و بەشدارانی خۆپیشاندان وترانەوە.
دواتر پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە زمانی کوردی لەلایەن بەڕێز “خوسرەو قادری” و بە زمانی نۆروێژی لەلایەن
خاتوو “موژدە چاوشینی” خوێندرایەوە.
لە پەیامی ناوەندی هاوکاریدا هاتبوو:” دیارە ئەوە یەکەم جار نییە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەزاندنی سنوور و پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتانی دراوسێ، هەڕەشە لە گیان و ماڵ و سامانی خەڵکی مەدەنی و نانەوەی ئاژاوە و پشێوی لە ناوچەکەدا دەکات و ئەو ڕێژیمە بە خوڵقاندنی کارەسات و کوشتن و تیرۆر و تاوان دژ بە مرۆڤایەتی خووی گرتووە و شوناسی خۆی لەگەڵ قەیران و ناسەقامگیری گرێ داوە.”
لە بەشێکی دیکەی پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێرای ئاماژە بە قەیرانەکانی ناوخۆیی رێژیمی ئاخوندی ئێران دا هاتبوو: “کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆی وڵاتدا تووشی دەیان قەیرانی چارەهەڵنەگر بووە و لە ماوەی تەمەنیدا وا ڕاهاتووە کە بۆ خۆدزینەوە لە چارەسەریی قەیرانێک، قەیرانێکی دیکە بخولقێنێت. هەربۆیە ئەمجارەش بە کەڵکاژۆ وەرگرتن لە دۆخی سیاسیی ناوچەکە و دانبەخۆداگرتنی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەهەمبەر تاوان و دەستدرێژییەکانی، پێی وایە بە چاوسوورکردنەوە لە خەڵکی مەدەنی و هەڕەشە لە ماڵ و حاڵی پەنابەرانی سیاسی، دەتوانێ کاریگەری لەسەر ئیرادەی سیاسیی نەتەوەی کورد و ڕێکخراوە خەباتکارەکانی دابنێت و بە ئامانجە گڵاوەکانی خۆی بگات.”
جێگای ئاماژەیە کە بە سەدان ئەندامی حیزبە کوردستانییەکان، کەسایەتییە سیاسییەکان و کوردانی دانیشتووی نۆروێژ بەشداری ئەو خۆپیشاندانە بوون و بۆ مەحکوومکردنی هێرش و تۆپبارانی بنکە و بارەگاکانی لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەنگیان خستە پاڵ دەنگی هێزەکانی خەباتکاری کوردستان.
شایانی باسە کە خۆپیشاندانەکە بە چەندین سروودی شۆڕشگێڕی لەلایەن هونەرمەندان ” شێرکۆ مەریوانی”، ” مووسا مەریوانی” و ” هێدی قادری” و درووشم بە زمانی نۆروێژی، فارسی و کوردی پاش دوو کاتژمێر کۆتایی پێهات.