ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٦ی سێپتامبری ٢٠٢١ی زایینی، بەمەبەستی مەحکوومکردنی کۆماری ئیسلامی و هێرشەکانی ئەم دواییانەی بۆ سەر هێزە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەبەردەم وەزارەتی دەرەوەی وڵاتی فینلاند لە شاری هێلسینکی لەسەر داوای ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئیران خۆپیشاندانێک بەرێوەچوو.
کوردستانیانی نیشتەجێ لە وڵاتی فینلاند لەسەر داوای کۆمیتەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە فینلاند لەبەردەم وەزارەتی دەرەوەی فینلاند کۆبوونەوە.
لەم خۆپێشاندانە کە ژمارەیەکی بەرچاو لە کوردستانیانی دانیشتووی فینلاند تێیدا بەشدار بوون، هێرشەکانی ئەم دواییانەی رژێمی ئێرانیان بۆ سەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان و گوندەکانی سنووری باشووری کوردستان مەحکووم و شەرمەزار کرا.
ئەم خۆپێشاندانە سەرەتا لە بەردەم وەزارەتی دەرەوەی فینلاند دەستی پێکرد و بەرێپێوانێکی هێمنانە بە ناو شاری هێلسینکیدا بەرەو نوێنەرایەتیی کۆمیسیۆنی ئورووپا درێژەی کێشا.
لە دەستپێکی ئەم خۆپێشاندانەدا هەیئەتێکی سێ کەسی بە نوێنەرایەتیی خۆپیشاندەران سەردانی وەزارەتی دەرەوەی فینلاندیان کرد و لە گەڵ خاتوو (ریکا ئێلا)، بەرپرسی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی دەرەوەی فینلاند دیداریان کرد . ئەم هەیئەتە ڕاپۆرتێکی کورتیان لەمەڕ هێرشەکانی رژێمی ئێران بۆ سەر کوردستان و ڕەوشی پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشکەش کرد.
لە درێژەی کارەکانیان نوێنەرایەتیی خۆپیشاندەران بڕیارنامەی خۆپیشاندەرانیان دایە نوێنەری وەزارەتی دەرەوە فینلاند. لەو پێوەندییەدا نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی فینلاند بەڵێنی دا، داخوازی خۆپیشاندەران بە وەزیری دەرەوەی وڵاتی فینلاند بگەیەنێت و پشتیوانی وڵاتی خۆی لە داخوازییە ڕەواکانی خۆپیشاندەران دەربڕی.
هەروەها هەیئەتێکی دیکە بە نوێنەرایەتیی خۆپیشاندەران سەردانی نووسینگەی کۆمیسیۆنی ئورووپایان لە وڵاتی فینلاند کرد و لەلایەن خاتوو ( ماریا کۆکۆنێن) سەرۆکی نووسینگەکە پێشوازیان لێکرا. لەو دیدارەدا وێرای باسێک لەسەر ڕەوشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بڕیارنامەی خۆپیشاندەران بۆ یەکیەتیی ئورووپا بە نوێنەری کۆمیسیۆنی ئورووپا درا و داوا کرا وڵاتانی ئورووپایی بە کەڵکوەرگرتن لە کاناڵەکانی دیپڵۆماتیکی خۆیان فشار بخەنە سەر ئێران بۆ ڕەچاوکردنی پەیمانەکانی مافی مرۆڤ.
لەو خۆپیشاندانەدا کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان و نوێنەرانی نزیک بە تەواوی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەشدار بوون. شایانی باسە لەم نێوەدا بریارنامەی ناوندی ھێزە سیاسیەکان کە بە کوردی ئامادە کرابو لە لایەن بەڕێز “سەید ئەحمەد حوسێنی” خوێندرایەوە.
شایانی باسە کە ئەم خۆپیشاندانە لەلایەن ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران رێک خرابوو.