ئەندامێکی پەرلەمانی سوئێد سەر بە حیزبی سۆسیال دێموکراتی ئەو وڵاتە بە شێوەی فەرمی داوا لە وەزیری دەرەوەی سوئێد دەکا کە بەرانبەر بە هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران دژی بزووتنەوەی کورد هەڵوێست بگرێ.
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ۱٦ی سێپتامبری ٢٠٢١ی زایینی، “ئاندێش ئۆستێربەری”، ئەندام پەرلەمان لەسەر لیستی حیزبی سۆسیال دێموکراتی سوئێد، بە نامەیەکی ڕەسمی داوای هەڵوێستی حکومەتی سوئێد و وەزیری دەرەوە، خاتوو “ئان لیندێ”ی کرد کە بەرامبەر بە هەڕەشە و بەردەوامبوونی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر کردەوەی تێرۆریستی و بۆردومان و تۆپبارانی بنکەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەڵوێست بگرێ.
لەو داواکارییە فەرمییەدا، بەڕێز ئۆستێربەری داوا دەکات کە حکومەتی سوئێد و هەموو وڵاتانی ئورووپایی پێش بەو هێرشە ناڕەوایانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بگرن و نەهێڵن کە خەڵکی بێتاوان و پەنابەری سیاسی لە باشووری کوردستان ببنە قوربانی هێرشە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی.
شایانی باسە کە ناردنی ئەم داواکارییە بۆ وەزیری دەرەوەی وڵاتی سۆئێد، لە دوای پێوەندییگرتن و لە درێژەی کار و چالاکییەکانی بەشی پێوەندییەکانی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوئێد، لەگەڵ ئەندامانی پارلەمان و دامودەزگاکانی پێوەندیدار سەبارەت بە هەڕەشە و هێرشەکانی ئەم دواییانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر باشووری کوردستان، هاتووەتە ئاراوە.