هێزە داگیرکەرەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران لە ناوچەی “داڵانپەڕ و مەرگەوەڕ”ـی ورمێ هەڵیان کوتاوەتە سەر ئاژەڵدارانی ئەو ناوچەیە و لە ئاکامی تەقەکردنی ئەو هێزە سەرکوتکەرانە، ٣ ژن بە سەختی بریندار کراون.
ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، هێزە تێرۆریستەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی، لە ناوچەی “داڵانپەڕ و مەرگەوەڕ”ـی سەر بە شاری ورمێ، هەڵیان کوتاوەتە سەر مەڕداری کوێستانەکانی ئەو ناوچەیە و تەقەیان لە خەڵکەکە کردووە و لە ئاکامی تەقەکردنی هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیم، ٣ ژن بە سەختی بریندار بوونە و دەیان کەسی دیکەشیان دەسبەسەر کراون.
هێزە سەرکوتکەرەکانی سپای پاسداران، ویستوویان بە بێدەنگی مەڕ و ماڵاتی کوێستاننشینەکان بدزن، بەڵام هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە ڕێگەیان بە داگیرکارییەکانی سپای پاسداران نەداوە و هەر ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەیکە هێزەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران تەقە لە هاووڵاتییان بکەن و لە ئاکامدا ٣ ژنیان بریندارکردووە کە ئێستا لەژێر چاوەدێری پزیشکیدان و بە دەیان کەسیشیان دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستووەتەوە.