کاک محەممەد حوسێنپەناهی ناسراو بە “خاڵۆ میرزا” کەسایەتییەکی دڵسۆز، نیشتمانپەروەر و باوکی شەهید “ڕامین حوسێنپەناهی” شەهیدی ڕێگەی ڕزگاری کوردستان، لە ناوچەی لەیلاخ بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ئامانجی پیرۆزی شەهیدانی کوردستان کرد.
ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، خاڵۆ میرزا حوسێنپەناهی کەسایەتیی دڵسۆز و نیشتمانپەروەری کوردستان و باوکی ڕامین حوسێنپەناهی شەهیدی دەستی جەلـلادەکانی کۆماری ئیسلامی، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری سنە، دڵە پڕ لە هیواکەی لە لێدان کەوت و بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە کوردستان و ئامانجی پیرۆزی شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاری کرد.
خاڵۆ میرزا، باوکی شەهید “ڕامین”ـە، کە کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوکات لەگەڵ مووشەکبارانی قەڵای حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە کوردستانیش ٣ لاوی نیشتمانپەروەری لەسێدارە دا کە یەکیان شەهید رامین حوسێنپەناهی کوڕی خاڵۆ میرزا بوو. هاوکات بەپێی وتەی شایەتحاڵان، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە نەخۆشخانەی تەوحیدی سنە دەستیان بەسەر تەرمی خاڵۆ میرزادا گرت و نەیاندەویست تەرمەکە ڕادەستی بنەماڵەکەی بکەن؛ بەڵام خەڵکی بەئەمەگی کوردستان بە یەکگرتوویی تەرمی خاڵۆ میرزایان وەرگرتەوە و لە گوندی “قروچای”ـی سەر بە ناوچەی لەیلاخ بە خاکی پیرۆزی کوردستانیان سپارد.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، بەبۆنەی کۆچیدوایی خاڵۆ میرزا پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و هەموو کەسوکار و خەڵکی ناوچەی لەیلاخ دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.