ڕۆژی چوار شەممە ڕێکەوتی ١٥ سپتامبری ۲٠۲۱ی زایینی، خۆپیشاندان و کۆبوونەوە بە نیشانەی ناڕەزایەتی و مەحکوومکردنی ڕێژیمی کۆماری ئێسلامیی ئێران، لەبەردەم پاڕلمانی سوئێد لە شاری ستۆکھۆڵم لەلایەن ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەڕێوەچوو.
ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نیشتمانی “ئەی ڕەقیب” و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ئازادی کورد و کوردستان دەستیپێکرد.
پاشان لەلایەن بەڕێوەبەری کۆڕ خاتوو “ئارێز محەممەدی “بەخێرهاتنی بەشداران کرا.
دواتر “چیا عەلیار” بە نوێنەرایەتی ناوەندی هاوکاری وێڕای بەخێرهێنانی میوانان چەند وتەیەکی پیشکەش کرد و پاشان خاتوو “کوێستان بابایی” بەرپرسی کۆمیتەی سوئێدی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بە نوێنەرایەتی ناوەندی ھاوکاری پەیامێکی پێشکەش کرد.
لە پەیامەکەدا هاتبوو کە: رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە بیانووی هەبوونی هێزی پێشمەرگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هێرشی لە زەوی بە تۆپباران و لە ئاسمان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، بۆ سەر ژینگە، شوێنە شاخاوی و دارستانەکانی سنووریی ناوچەکانی سیدەکان، چۆمان و حاجی ئۆمەران، لە هەرێمی فێدڕاڵی باشووریی کوردستان، دەستپێکردووە و نزیکەی حەوتوویەکە بەردەوامە.
ئەو هێرشە بۆ زەبرلێدان لە پارتە کوردییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە بۆ ئازادی و مافەکانی مرویی خەبات دەکەن لە لایەک وھاوکات تێکدانی ئارامی و سەقامگیری دەستکەوتەکانی بزووتنەوەی کورد لە باشووری کوردستانە. ئەوە کارە سەرڕۆیانە، لە بەربەریی ٣ھەمین ساڵۆگەری شەھیدانی موشەکبارانی قەڵای دێموکرات لە ١٧ خەرمانان دا و ھەروەھا ٢٩هەمین ساڵیادی تێرۆری میکۆنۆس و شەھید بوونی دکتور سادق شەرفکەندیی و هاوڕێیانی بەدەستی ڕێژیمی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وڵاتی ئاڵمانە.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، وێڕای مەحکووم و شەرمەزارکردنی ئەو دەستدرێژییە ئاشکرایانەی رێژیمی ئێران و سپای سەرکوتکەر و تێڕۆڕیستی پاسداران، بە تایبەتی “سپای قودس”، داوا لە خەڵکی کوردستان دەکا، وەک هەمیشە بە هەڵوێستی نەتەوەیی و نیشتیمانپەروەرانەی خۆیان، لە گۆڕەپانی کردەوەدا، بەو رێژیمە دژی گەلییە بسەلمێنن کە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان نوێنەری ڕاستەقینەی ئیرادەی سیاسیی ئەوانە و نەتەوەی کورد تا گەیشتن بە سەرکەوتن لەو خەباتەدا و دابینبوونی مافە ڕەواکانی درێژە بە خەباتی نەتەوەیی و دێمۆکڕاتیکی خۆی دەدا.
لە کۆتایی پەیامی ناوەند هاوکاریدا داوا لە کۆمەڵگە نێونەتەوەییەکان، بەتایبەتی پاڕڵمانی سوئێد و کۆڕوکۆمەڵە مرۆڤدۆستەکان کرا لە ئاست ئەو دەستدرێژییە ئاشکرا و وێرانکارییەی تێڕۆڕیسمی دەوڵەتیی ئێران، بێهەڵوێست نەبن.
جێی ئاماژەیە کە لە درێژەی بەرنامەکە دا چەندین وتار و پەیامی پارت و لایەنە سوئێدی، کوردستانی و ئێرانی پێشکەش کران.
شایانی باسە کە بە سەدان ئەندامی حیزبە کوردستانییەکان، کەسایەتییە سیاسییەکان و کوردانی دانیشتووی تاراوگە بەشداری ئەو خۆپیشاندانە بوون و بۆ مەحکوومکردنی هێرش و تۆپبارانی بنکە و بارەگاکانی لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەنگیان خستە پاڵ دەنگی هێزەکانی خەباتکاری کوردستان.
شایانی باسە کە خۆپیشاندانەکە بە چەندین سروودی شۆڕشگێڕی و دروشم بە زمانی سوئێدی و فارسی و کوردی پاش دوو کاتژمێر کۆتایی پێهات.