وڵاتانی ئاڵمان، بریتانیا و فەرانسە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا داوایان لە ئێران کردووە کە بە خێراترین کات بەرهەمهێنانی ئۆرانیۆمی فلێزی ڕابوەستێنێ و کەڵک لە دەرفەتی گەڕانەوە بۆ وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن وەربگرێ.
وڵاتانی زلهێزی ئورووپایی”بریتانیا، فەرانسە و ئاڵمان” ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕوو بە شۆرای بڕیاردەری ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی بە وتنی ئەوەیکە هەوڵەکانی ئێران لە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ناوکیی، هەنگاوەکانی ئەو وڵاتەی بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ناوکیی خێراتر کردۆتەوە، داوایان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد کە بە خێراترین کات بەرهەمهێنانی فلێزی ئۆرانیۆم ڕابوەستێنێ و لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزە بۆ چاوەدێریی کردنی دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران ڕێکبکەوێ.
ئەم بەیاننامەیە پاش ئەوە هاتووەتە ئاراوە کە سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی لە ڕاپۆرتی نوێی خۆیدا بۆ شۆرای بڕیاردەر رایگەیاندووە کە بەرهەمهێنانی ئۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران، ڕووی لە هەڵکشانە و تا ئێشتا ١٠ کیلۆ ئۆرانیۆمی پیتێندراو بە رێژەی لە سەتا ٦٠ کۆگا کراوە.
لە بەشێک لەو بەیاننامەی هاوبەشەدا سەرەڕای ئاماژە بە نیگەرانییەکانی وڵاتانی بەشدار لە ڕێککەوتنی ناوکیی لەهەمبەر پێشیلکارییە بەردەوامەکانی ئێران، ڕایانگەیاندووە کە ئێران بە خیراترین کات بگەڕێتەوە سەر مێزی وتووێژەکان و لەو دەرفەتە کە بۆ وتووێژ ڕەخساوە، کەڵک وەربگرێ.