کەرەستەی ئەمریکایی بۆ ئێران و پێشێلکردنی گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێران، لەلایەن دادگایەکی ئەمریکاوە مەحکووم کران.
دادگای هەرێمی “فلۆریدا”ی ئەمریکا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، بنەماڵەیەکی ئێرانی بە ناوەکانی محەممەد فەقێهی، مامۆستای زانکۆی مەیامەی، فەرزانە مودەڕێسی، هاوژینی ناوبراو و فائێزە فەقێهی، خوشکی ناوبراو و بەرپرسی کۆمپانیای” ئێکسپرێس جین”ی، بە تۆمەتی سپیکردنەوەی پارە و پێشێلکردنی گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێران مەحکووم کرد.
ئەو دادگایە ڕایگەیاندووە کە ئەو کەسانە لەنێوان ساڵەکانی ٢٠١٦ تاکوو ٢٠٢٠ی زایینی زیاتر لە سێ میلیۆن و٥٠٠ هەزار دۆلاریان بە شێوەی” وایر ترانسفێر” لە ئێرانەوە بۆ هاتووە و ئەو بڕە پارەیەیان بۆ کڕینی کەرەستەی تایبەت بەبێ مۆڵەتی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا بەکار هێناوە و بە شێوەیەکی نهێنی ئەو کەرەستانەیان ڕەوانەی ئێران کردووە.
محەممەد فەقێهی لە کاتی گەڕانەوە لە ئێران لە فڕۆکەخانەی مەیامەی دەسبەسەر کراوە و بەپێی ئەو بەڵگانەی کە دراوە بە دادگای فلۆریدا، ناوبراو بەرپرسی بەشێکە لە زانکۆی پزیشکیی شیراز و ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵ ئەو سێ کەسە بریتین لە سپیکردنەوەی پارە، هەوڵدان بەدژی ئاسایشی ئەمریکا لە رێگەی دەورلێدانی گەمارۆکان، قاچاخی نایاسایی کەلووپەل لە ئەمریکاوە بۆ ئێران و درۆکردن لە کاتی لێکۆڵینەوەی پۆلیسی ئەمریکا.
لەلایەکی دیکەوە بەپێی بەیاننامەی وەزارەتی دادی ئەمریکا، هاووڵاتییەکی دیکەی ئێرانی بە ناوی” مێهرداد ئەنساری” بە تۆمەتی پێشێلکردنی گەمارۆکانی ئەمریکا بەدژی ئێران ٦٣ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.