بەرپرسی سەربازیی تاڵیبان دەڵێ: ئەو کەسانەی کە بەناوی بەرەی بەرگریی بۆ پشتیوانی لە دێموکراسی و پاراستنی دەسکەوتەکانی ٢٠ ساڵی ڕابردووی ئەو وڵاتە ڕووبەڕووی تاڵیبان دەبنەوە، بە توندترین شێوە سزا دەدرێن.
قاری فەسیحەدین، بەرپرسی سەربازیی تاڵیبان، ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە کابول، سەرەڕای ئاماژە بەوەیکە تاڵیبان لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەرتەشێکی بەهێز بەمەبەستی پاراستنی خەڵک و بەرگریی لە ئەفغانستان پێکدێنێ وتی: ئەو کەسانەی کە دەیانهەوێت ئاسایشی ئەفغانستان تێک بدەن، ئیزنیان پێ نادرێ و تاڵیبان ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.
فەسیحەدین بە ئاماژە بەوەیکە پەنجشێر دەستی بەسەردا گیراوە، ڕایگەیاند کە چی دیکە بەرەیەکمان بە ناوی بەرگریی نەتەوەیی ئەفغانستان نییە و هەموو ئەفغانستان لەژێر دەسەڵتی حکومەتی تاڵیباندا بەڕێوەدەچێ و ئەو کەسانەی کە بەربەست لەسەر ڕێگای تاڵیبان دروست بکەن بە توندترین شێوە سزا دەدرێن.