بەرپرسێکی باڵای ئورووپایی بە هەواڵدەریی ئەلعەرەبییەی ڕاگەیاندووە کە دیاریکردنی کەسێکی دیکە بە جێگەی عەباس عێراقچی، وەکوو بەرپرسی تیمی دانوستانکاری ئێران، وتووێژە ناوکییەکانی دواخستووە.
ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، ئاڵوگۆڕێکی بەربڵاوی لە جێگرەکانی ئەو وەزارەتخانەیە پێکهێناوە و سێ جێگری نوێی داناوە کە بەپێی ئەو ئاڵوگۆڕانە عەباس عێراقچی، بەرپرسی تیمی وتووێژی ناوکیی ئێران لە کارەکەی وەلانراوە و عەلی باقری بووەتە جێگرەوەی ناوبراو.
ئەو بەرپرسە ئورووپاییە کە نەیویستوە ناوی ئاشکرا بێ، لە درێژەدا بە هەواڵدەریی ئەلعەرەبییەی ڕاگەیاندووە کە وتووێژەکان لەو شوێنەی کە ڕاوەستاوە دەسپێدەکاتەوە و هیچ وتووێژێک لەهەمبەر ئەوەی کە نووسراوە ناکرێتەوە و بە ئەگەری زۆر تا سێ حەوتووی دیکە وتووێژەکانی ڤییەن دەسپێدەکاتەوە.