دۆخی تەندروستیی موژگان کاووسی، زیندانیی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ئێڤین لە مەترسی دایە.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دۆخی تەندروستیی “موژگان کاووسی”، لێکۆڵەر، چالاکی ئێتنیکی و چالاکی بەشی زمانی دایکیی کە ئێستا لە بەندیخانەی ئێڤین دەسبەسەرە، بەهۆی بارودۆخی نالەباری ئەو بەندیخانە و نەبوونی پێداویستی پزیشکی و کەمتەرخەمی بەرپرسانی زیندان لە حاڵەتێکی مەترسیدار دایە.
شایانی باسە کە ناوبراو بەهۆی نەخۆشیی دڵەوە و دابەزینی زەختی خوێن، چەند مانگە داوای مەرەخەسی لە بەرپرسانی زیندان کردووە و ڕایگەیاندووە کە توانای مانەوە لە بەندیخانەیدا نییە، بەڵام ئەو داواکارییە هەموو جارێک و بە بیانووی جۆراوجۆر ڕەتکراوەتەوە.
بە وتەی یەکێک لە ناسیاوانی “موژگان کاووسی”، سەرەڕای بارودۆخی نالەباری ناوبراو لە ماوەی دوو حەوتووی ڕابردوودا، بەرپرسانی بەندیخانەی ئێڤین هیچ گرنگییەکیان پێنەداوە کە ئەمەش بووە بە جێی مەترسی و ناڕەزایەتیی بنەماڵەی موژگان کاووسی.