ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٢٦ی خەرمانان، ساڵیادی تێرۆری شەهیدانی میکۆنۆس ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.
لە بەشێک لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە:
٢٩ ساڵ پێش ئێستا و لە ٢٦ی خەرمانانی ١٣٧١ی هەتاویدا کۆماری تێرۆریستیی ئیسلامیی ئێران لە درێژەی زنجیرە تیرۆرەکانی خۆی لەنێو جەرگەی وڵاتانی ئورووپاییدا، تاوانێکی دژەمرۆیی دیکەی لە مێژووی پڕ لە تاوان و سەرشۆڕیی خۆیدا خوڵقاند و لە پیلانێکی تێرۆریستیی قیزەوندا، دوکتور سادق شەرەفکەندی ناسراو بە “دوکتور سەعید”، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی وێڕای سێ کەس لە هاوڕێیانی بە ناوەکانی فەتاح عەبدولی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی، هومایوون ئەردەڵان، نوێنەری حیزب لە ئاڵمان و نووری دێهکوردی، خەباتکاری ناسراوی ئێرانی و دۆستی حیزبی دێموکرات، لە شاری بێرلینی ئاڵمان بە دەستی تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی شەهید کران.
دوکتور شەرەفکەندی کە لە مانگی خەرمانانی ١٣٧١ بە مەبەستی بەڕێوەبردنی هێندێک کاروباری سیاسی سەفەری ئورووپای کردبوو، بۆ بەشداریی لە کۆنگرەی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست سەردانی وڵاتی ئاڵمانی کرد.
دوای ئەو کۆبوونەوەیە و کاتێک کە لەگەڵ نوێنەرانی چەند لایەنی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆن بۆ دیالۆگ و ڕاگۆڕینەوە و گەیشتن بە پلاتفۆرمێکی هاوکاری، لە ڕێستورانی میکۆنووس لە شاری بێرلین لە دەوری یەک کۆ ببوونەوە، تێرۆریستانی ڕێژیم خۆیان گەیاندە شوێنی کۆبوونەوەکە و شاندی حیزبی دێموکراتیان دایە بەر دەستڕێژ و بە شەهیدکردنی دوکتور سەعید و هاوڕێیانی تاوانێکی تیرۆریستیی دیکەیان خوڵقاند.
دادگای میکۆنووس یەکەم بەڵگەی یاسایی نێودەوڵەتییە کە کۆماری ئیسلامی و ڕێبەرانی ئەو ڕێژیمەی وەکوو تێرۆریست و بڕیاردەری تێرۆر ڕیسوا کرد. دەنگدانەوەی بەربڵاوی ئەم حوکمە لە ئاستی نێونەتەوەیی و نێوخۆییدا و هەڵوێستی وڵاتانی ئورووپایی لەمەڕ کشاندنەوەی باڵوێزەکانیان لە ئێران، ڕێژیمی بەرەوڕووی قەیرانێکی قووڵی نێوخۆیی و دەرەکی کرد، بە جۆرێک کە پرۆژەی تێرۆرەکانی دەرەوی وڵاتی بە تایبەتی لە وڵاتانی ئورووپاییدا پەک خست و ڕێژیم بۆ گەڕانەوەی باڵوێزەکان ناچار بوو باجی زیاتر بدات، تەنانەت لە ئاستی نێوخۆییشدا ڕێژیم ناچار بوو بەوەڕێخستنی شانۆگەریی ئیسڵاحات و وتووێژی شارستانیەتەکان، وا نیشان بدات کە ئالوگۆڕی بەسەر سیاسەتی نێودەوڵەتیی خۆیدا هێناوە.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە ٢٩هەمین ساڵوەگەڕی کارەساتی تیرۆریستیی میکۆنووسدا وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی شەهید دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێیانی و هەموو ئازادیخوازانی قوربانیی دەستی تێرۆر و تاوانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، داوا لە کۆڕوکۆمەڵە نێونەتەوەییەکان دەکات لە بەرامبەر ماشینی تیرۆر و کوشتن و کاولکاریی ڕێژیمی ئێران و بەتایبەتی هێرشەکانی ئەم ڕۆژانەی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، کە بۆتە هۆی کاولکردنی ژینگە و تۆقاندنی خەڵکی مەدەنی و تیرۆری چالاکانیی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆن، بێدەنگ نەبن و بزانن کە تا کاتێک کە هەڵوێستی شیاویان لە بەرانبەر ئەو سیاسەتەی کۆماری ئیسلامیدا نەبێت، نەک هەر ئازادیخوازانی کورد و گەلانی ئێران بەڵکوو هیچ کەسێک لە هیچ شوێنێکی ناوچە و جیهاندا لە مەترسیی تێرۆر پارێزراو نابێت.