پاش گشتگیریی کۆرۆنا بەهۆی ناکارامەیی ڕێژیمەوە، زیاتر لە پێنج میلیۆن قوتابی لە ئێران لە خوێندن دابڕاون.
کاتێکی زۆر تاکوو دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندن لە ئێراندا نەماوە، بەڵام بەپێی ڕاگەیێندراوێکی وەزارەتی پەروەردەی ڕێژیم تاکوو ئێستا زیاتر لە دوو میلیۆن قوتابی هیچ هەوڵێکیان بۆ کڕینی کتێب نەداوە.
پاش گشتگیریی کۆرۆنا و داخرانی خوێندنگەکان لە ئێران، پڕۆگرامێکی ئینتێرنێتی بە ناوی “شاد” داندرا تاکوو منداڵان لە خوێندن بەجێنەمێنن، بەڵام ئەم پڕۆگرامە خۆی بوو بە کێشەیەکی نوێ و بەهۆی نەبوونی ژێرخانە بنەڕەتییەکان وەکوو ئینتێرنێت و لە بەردەستدا نەبوونی مۆبایلی زیرەک و تەبلێت لەنێو بەشێکی بەرچاو لە منداڵاندا، لە کردەوەدا ئەو گەڵاڵەیەیە شکستی خوارد و تەنانەت خۆکوژیی چەندەها منداڵیشی لێکەوتەوە.
ئێستاش کە ساڵی نوێی خوێندن دەست پێدەکات، وەزارەتی پەروەردەی ڕێژیم نە تەنیا چارەسەری کێشەی قوتابییانی ساڵی پێشووی نەکردووە، بەڵکوو “محەممەد عەلەوی تەبار” جێگری ڕێکخراوی توێژینەوە و بەرنامەدانانی وەزارەتی پەروەردە دەڵێ: “بەپێی نوێترین زانیارییەکان لە ساڵی نوێی خوێندیشدا زیاتر لە دوو میلیۆن منداڵی دیکە نە تەنیا ناونووسیان بۆ کڕینی کتێب نەکردووە، بەڵکوو هێشتاش ناونووسی قوتابخانەکەیان ئەنجام نەداوە.”
ئەم هەواڵە بووە بە جێی مەترسی ئەوەی کە ئەو منداڵانەی کە ناونووسیان نەکردووە ڕەنگە بە هۆکاری چوونە ناو بازاڕی کار و پێکهێنانی نەخوازراوی ژیانی هاوبەش بۆ هەتاهەتایە لە خوێندن دوور بکەونەوە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە بەپێی ئەسڵی ٣٠ یاسای بنەڕەتی ئێران مافی هەموو منداڵێکە کە تا تەمەنی ١٨ ساڵان لە خوێندن و پەروەردەی خۆڕایی بەهرەمەند ببێ.
لە کاتی گشتگیری کۆرۆنا ڕێکخراوی نێونەتەوەیی “یونیسێف” ڕایگەیاند کە ڕەنگە کۆرۆنا لە هەموو دنیادا ببێت بە هۆکاری لاوازبوونی پەروەردە و لەدەستچوونی دەرفەت بۆ پێگەیشتنی منداڵان کە ئەم پێشبینییەی “یونیسێف” بەهۆی ناکارامەیی بەرپرسانی ڕێژیمەوە لە ئێران ڕوویدا.