شوڕای گوندی “شیان”ی سەر بە ژاوەڕۆی سنە بۆ تەواوکردنی کاری جادەی ئاوایی ئەو گوندە خەڵکی بە بێگار گرتوە.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیامنێری کوردستانو کورد شوڕای گوندی “شیان” لە پێناو لێدانی ڕێگای ئەو گوندە هەموو ڕۆژێ ٥٠ کەس لە خەڵکی ئاوایی ناچار دەکا بێ وەرگرتنی هیچ حەقدەستێکو بە نانو پێخۆری خۆیان کار بۆ پەیمانکاری پڕۆژەکە بکەن.
ئەو جادەیە کە درێژاییەکەی ٣ کیلومیترە، پێشتر لە کاتی سەردانی خامنەیی بۆ سنە بەڵێنیی لێدانی دراو، تەنانەت لە زمان عەلەوی، نوێنەری پێشووی سنە گوترا کە ٦٠٠ میلیۆن تمەنی بۆ لەبەرچاو گیراوەو پڕۆژەکە دراوە بە پەیمانکار.
خەڵکی ئاوایی “شیان” دەڵێن زیاتر لە ٦ ساڵ لەو بڕیارە ڕادەبرێو ئەو ٣ کیلومیتر ڕێگایە هێشتا ئاسفاڵت نەکراوەو ئێستا دوای ئەوەی پەیمانکاری پڕۆژەکە بە بیناووی نەبوونی بودجە پشتی تێکردوە، شوڕای گوند بۆ ئەوەی وادەو بەڵێنەکەی خامنەیی لە عەرزی نەکەوێ بە شانو پیلی خەڵکی گوندەکەو لە سەر ئەرکی ئەوان دەیەوێ ئەو پڕۆژە نیوەچلە تەواو بکا.
دانیشتوویەکی ئەو گوندە بە پەیامنێری ” کوردستانو کورد”ی ڕاگەیاند کە خەڵکەکە بەو بڕیارە ناڕازینو چۆن دەبێ دەوڵەتو حکومەت نەتوانێ ٣ کیلومیتر رێگای ئاواییەکی قیرتاو بکا، ئەدی کاتی سەردانەکەی خامنەیی بۆ ئەو هەمووە دەهۆڵەی بۆ گوترا بەڵام ئێستا پاش ٦ ساڵ پڕۆژە هەرە چووکەکانی ئەو سەردانەش بە ئاکام نەگەیشتن.
ئەو لە درێژەدا دەڵێ فەرماندارو بەخشدار لە سەر خەڵکی ئاواییان کردوە کە دیواری سەنگچنی قەراغ مەزراکان کە دەکەوێتە سەر رێگاکە دەبێ بۆ خۆیان بیکەن؛ دەنا پەیمانکارەکە واز لە پڕۆژەکە دێنێو لێی دەچێتە دەرێ. خۆ بێتوو لەو نێوەشدا کەسێک بەڵایەکی بەسەر بێ یان تووشی رووداوێک بێ، ئەوا کەس بەرپرسیار نییە.
شایانی باسە گوندی شیان ٣٥٠ ماڵەو بەپێی بڕیارێک کە شورای گوندەکە بەناچارو لە ژێر فشاری بەخشداریو فەرمانداریدا داویەتی، دەبێ ئەو زستانەو هەر ماڵێ سێ کەس بۆ کار بنێرێ، یان ئەوەی حەقدەستی ڕۆژانەی سێ کرێکار بدا.