کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر و برای شەهیدێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ناوی “محەممەد ئیبراهیمی” ناسراو بە حەمەی حاجی سمایل، خەڵکی گوندی “فەقێ خدریان” لە ناوچەی هۆملی سەردەشت ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، کاک محەممەد ئیبراهیمی، کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر و برای شەهید “خالید ئیبراهیمی” شەهیدی ڕێگای ئازادی کوردستان، لە گوندی “فەقێ خدریان”ـی سەر بە ناوچەی هۆملی سەردەشت، بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
مام محەممەد لە بنەمالەیەکی نیشتمانپەروەر وحیزبدۆست ژیاوە و ئەو بنەماڵەیە بەردەوام هاوکار و دڵسۆزی پێشمەرگە و کادرەکانی حیزبی دێموکرات بوونە. هەروەها شەهید “خالید ئیبراهیمی” پێشمەرگەیەکی فیداکار و دڵسۆزی حیزبی دێموکرات بوو کە ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی لە شەڕێکی قارەمانانەدا لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان، لە ناوچەی سەردەشت گیانی پاکی پێشکەش بە بارەگای ئازادی کوردستان کرد و تێکەڵ بە کاروانی نەمرانی گەل بوو.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بۆ کۆچیدوایی مام محەممەد برای شەهید خالید ئیبراهیمی، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و سەرجەم خزم و کەسوکاریان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.