چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە ڕایگەیاند کە لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سنووری سووریە وعێراق چەندین کەس لە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران کوژران و بریندار بوون.
سەرچاوە ئەمنییەتییەکانی سووریە، رۆژی سێشەممە ٢٣ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، هەواڵی هێرشی ئاسمانیی ئەرتەشی ئەمریکایان بۆ سەر بنکەی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سنووری نێوان سووریە وعێراق پشتڕاست کردەوە، بەڵام پاش بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ئێمە ڕۆژی سێشەممە هیچ هێرشێکی ئاسمانیمان نەکردۆتە سەر میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سنوورەکانی نێوان سووریە و عێراق.
هەر لەم پێوەندییەدا هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە ڕایگەیاند کە لە هێرشێکی ئاسمانیدا بنکە و مۆڵگەی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سنوورەکانی نێوان عێراق و سووریە کراوەتە ئامانج.
لەلایەکی دیکەوە سەرچاوە هەواڵییەکانی سەر بە میلیشیاکانی ڕێژیمی ئێران، هەواڵی هێرشی ئاسمانیی ئەرتەشی ئەمریکایان بە فڕۆکەی شەڕکەری ئێف ١٦ پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند کە لە ئاکامی ئەم هێرشەدا چەندین کەس لە هێزەکانیان کوژراون و برینداربوون و دوو ماشینی سەربازیش لە ئاکامی ئەم هێرشەدا بە تەواوەتی لەنێوچوون.