یەکیەتیی ئورووپا سەرەڕای دەربڕینی نیگەرانییەکانی لەهەمبەر پێشێلکارییە بەردەوامەکانی ئێران لە ڕێککەوتنی ناوکیی، ڕایگەیاند کە تاران تا ئێستا هیچ بەڵگەیەک کە سەلمێنەری ڕاستییەکان لەهەمبەر بەرنامەی ناوکیی وڵاتەکەی بێ، نەداوەتە ئاژانسی وزەی ناوکیی.
یەکیەتیی ئورووپا، ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، سەرەڕای دەربڕینی نیگەرانییەکانی لەهەمبەر پێبەند نەبوونی ئێران بە بەڵێنەکانی لە ڕێککەوتنی ناوکیی و ئیزن نەدان بە لێکۆڵەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی، داوای لە ئێران کرد کە بە خێراترین کات بگەڕێتەوە سەر مێزی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن.
کارناسانی ناوکیی دەڵێن: بەپێی دوایین ڕاپۆرتەکانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی لەهەمبەر بەرنامەی ناوکیی ئێران، تاران دەتوانی لە ماوەی مانگێکدا سووتەمەنیی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ناوکیی ئامادە بکا.
هەر لەم پێوەندییەدا ” دامەزراوەی زانست و ئاسایشی نێونەتەوەیی” لەهەمبەر دوایین ڕاپۆرتەکانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزە لەسەر بەرنامەی ناوکیی ئێران، بە ڕۆژنامەی “نیۆیۆرک تایمز”ی ڕاگەیاندووە کە هەوڵەکانی ئێران لە هاوینی ڕابردوودا بۆ پیتاندنی ئۆرانیۆم بە ڕێژەی لە سەتا ٦٠، ئێرانی گەیاندووەتە ئەو ئاستەی کە دەتوانێ لە ماوەی مانگێکدا سووتەمەنی بۆ بەرهەمهێنانی بۆمبی ناوکیی بەرهەمبهێنێ.