بەرپرسی دەزگای زانیارییە نەتەوەییەکانی ئەمریکا دەڵێ: وڵاتانێک وەکوو یەمەن، سووریە، سوومالی و عێراق هۆکاری سەرەکیی هەڕەشەی تێرۆریستین بەدژی ئەمریکا، بە جۆرێک کە لە ئێستادا ئەفغانستان وەکوو هەڕەشە بۆ سەر ئەمریکا ئەژمار ناکرێ.
ئوریل هاینز، بەرپرسی دەزگای زانیارییە نەتەوەییەکانی ئەمریکا، ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە کۆنفرانسێکدا لەژێر ناوی” ئاسایشی نەتەوەیی” لە واشینگتۆن وتی: سەرەڕای ئەوەیکە بەرپرسانی ئەمنییەتی ئەمریکا نیگەرانن لەوەیکە ئەفغانستان ببێتە وڵاتێکی پارێزراو بۆ گرووپە تێرۆریستییەکان، بەڵام هیچ نیگەرانی و مەترسییەک لەهەمبەر هێرشی تێرۆریستی لە ئەفغانستانەوە بۆ سەر ئەمریکا بوونی نییە.
هاینز لە درێژەی کۆنفرانسەکەدا ڕایگەیاند کە لە ئێستادا ئەفغانستان کێشە بۆ ئاسایشی ئەمریکا ساز ناکا، بەڵکوو وڵاتانی یەمەن، سووریە، سوومالی و عێراق لە ئێستادا وەکوو شوێنی گرووپە تێرۆریستییەکان هەڕەشەی مەترسیدارن بۆ سەر ئاسایشی ئەمریکا.