نەجاتوڵڵا ئیبراهیمیان، وتەبێژی شورای نیگابان، ڕۆژی ڕابردوو لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەی “ئێعتماد” چاپی تاراندا بە توندی ڕەخنەی لە هەڵسوکەتو شێوەی بەرێوەبەریی ئەحمەد جەننەتی، دەبیری شوڕای نیگابان گرت.
ناوبراو وێڕای ئاماژە بەوەی كە تاوتوێكردنی سەڵاحییەتی بەربژێرەكانی هەڵبژاردن لە ئێران بە شێوەیەكی كارامەو بێ هەڵەو پەڵە ڕێك نەخراوە، باسی لە بوونی ڕای جیاواز لە نێو ئەندامانی شوورای نیگاباندا كرد.
ئیبراهیمیان لە قسەكانی خۆیدا باسی لە ڕێژەی زۆری شكایەتەكان لە بابەت ڕەد كرانەوەی سەلاحییەتی ئەم كەسانە كردو گوتی، لە ماوەی ٢٠ ڕۆژدا ناكرێ بە پێی ئەم ڕاپۆرتە ناقیسانەی كە لە بەر دەستدان، هاوكات تاوتوێی ٦ هەزار شكایەت بكرێ، قانوون دەڵێ دەبێ ئەم دەرفەتە بەو كەسانە بدرێ كە بتوانن بۆ بەرگری كردن لە خۆیان قسە بكەن کە پێیان نادرێ. ئەو پێداگری لەسەر ئەوە كرد كە بۆ تاوتوێ كردنی سەلاحییەتەكان هەر نەبێ ماوەی ساڵێك كات پێویستە.
وتەبێژی شوورای نیگابان لە درێژەدا گوتی: وەك ئەندامێكی مافناس لە شوورای نیگابان دەبێ بڵێم قانوونەكانی هەڵبژاردنی ئێران كەموكوڕیی یەکجار زۆریان هەیە.
ناونووسكردنی ١٢ هەزار كەس بۆ هەڵبژاردنەكانی مەجلیسو هەروەها ٨٠٠ كەسیش بۆ هەڵبژاردنەكانی مەجلیسی خوبرەگانی ڕێبەری، لە لایەن هەیئەتەكانی چاوەدێریو شوورای نیگابانەوە بە شێوەیەكی بەربەرین لەگەڵ ڕەدكرانەوەی سەلاحییەتی كاندیداتۆرەكان بەرەوڕوو بۆوە، بە جۆرێك كە لە هەڵبژاردنەكانی مەجلیسی خوبرەگانی ڕێبەریدا بە شێوەی مام ناوەندی بۆ هەر كورسییەك كەمتر لە دوو ڕكەبەر دیاری كرا.
لە هەڵبژاردنەكانی مەجلیسیشدا نزیكەی نیوەی ئەم كەسانەی ناونووسییان كردبوو، ڕەدی سەلاحییەت كران. بەپێی ئامارەکان ڕێژەی ڕەد كرانەوەی شیاویی کاندیداکانی ئەم خولە لە سەرجەم هەڵبژاردنەكانی ڕابردووی مەجلیس زیاتر بووە.