دەستەی کارگێڕیی “سازمانی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕێگای کڕێکار) ” کردەوە تێرۆریستییەکانی سپای پاسداران لە سنوورەکانی کوردستان مەحکووم دەکات.
لە بەشێکی ڕاگەیەندراوی سازمانی کارێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران هاتووە کە: “لە سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی خەرمانانەوە، سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم هێزی پێشمەرگەی کوردستانیان لە سنوورەکان کردووە بە ئامانج و ناوچەکانی “هەڵگورد، بەربەزین و ئالانەیان” داوەتە بەر دەسڕێژی درۆنی بۆمبڕێژکراو و ئاگری تۆپخانە. پاسداری تیرۆریست پاکپوور سێ ڕۆژ پێش دەسڕێژییەکانی ڕێژیم بۆ سەر خاکی کوردستان وتبووی کە حکومەتی هەرێم دەبێت حیزب و ڕێکخراوە کوردییەکان لە خاکی خۆی دەربکات یان چالاکییان کەم بکاتەوە. ئەمە یەکەمجار نییە کە ڕێژیمی ئێران کردەوەی تیرۆریستی هاوشێوەی ئێستا ئەنجام دەدات و لە ساڵی ١٣٩٧ی هەتاویدا بە مووشەکبارانی پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە قەڵای دێموکرات ١٦ کادر و پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی شەهید کرد کە ٦ لەو شەهیدانە ئەندامی ڕێبەری ئەو حیزبە بوون و زیاتر لە ٥٠ کەسیش برینداربوون.
ڕێژیمی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی زیاتر لە ٤٠ ساڵ تەمەنی خۆی، هەمووکات دژ بە خواستی دێموکراتیک و مافی ڕەوای خەڵکی کوردستان وەستاوە و بە کردەوەی دڕندانە و دژەمرۆیی وڵامی داخوازە ڕەواکانی گەلی کوردی داوەتەوە.
مووسا باباخانی ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان دوایین قوربانی ئەم ڕوانین و ڕەوتە تیرۆریستییانەی ڕێژیمی ئێران بوو.”
لە درێژەی ئەم ڕاگەیێندراوەدا ئاماژە بە تێرۆر و شەهیدکرانی دوو ڕێبەری گەورەی نەتەوەی کورد شەهید دوکتور قاسملوو و شەهید دوکتور شەرەفکەندی کە گیانی خۆیان لە ڕێگەی ئاشتی و ئازادی نەتەوەکەیان بەخت کردووە، کراوە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوی سازمانی ڕێگای کرێکار هاتووە کە: ” ئێمە بە توندی ئیدانەی هێرشە دڕندانەکانی ڕێژیمی جینایەتکاری ئاخوندی دژ بە حیزب و لایەنە کوردییەکانی ئێران لە خاکی کوردستانی عێراق دەکەین وئامانجی ئەم کردەوانە کوژاندنەوەی ئاسۆی ڕوونی داهاتوو لە دڵی گەلانی ئێران بە تایبەت گەلی کورد دەزانین و داوا دەکەین کە خەڵک زیاتر لە سەر دەستەبەرکردنی مافە ڕەواکانیان پێداگر بن و بە چالاکیی مەدەنی دژی کردەوە ناڕەواکانی ڕێژیم بوەستنەوە.”