سێ هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کران و هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکانیش حوکمی بەندکرانی بەسەردا سەپا.
لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دوو هاووڵاتیی خەڵکی ئاوایی “کۆسەکەرێز”ـی سەر بە شاری مەهاباد بە ناوەکانی حوسێن دودکانلوو میلان و زاهیر ڕووزخون، لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کران.
هەروەها چەند ڕۆژ دوای دەسبەسەرکردنی ئەو دوو هاووڵاتییە، کەسێکی دیکەی خەڵکی ئەو ئاواییە بە ناوی “شاهۆ ئەحمەدی” هەر لەلایەن ئەو هێزانەوە دەسبەسەر و بۆ گرتنگەیەکی ئیتلاعات سپا لە مەهاباد گوازرایەوە.
هەتا ئێستا لە هۆکار و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو سێ هاووڵاتییە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.
لە لایەکی دیکەوە هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکان بە ناوی عەلی زوولفی، لەلایەن لقی یەکی دادگای بۆکان بە چوار مانگ و دە ڕۆژ بەندکران حوکم درا.
ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی ٣٠ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی، هاوکات لەگەل دەسبەسەرکردنی بە کۆمەڵی شارۆمەندانی کوردستان لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرابوو و پاش لێکۆڵینەوە بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی بەشێوەی کاتی ئازاد کرابوو.