ڕێکخراوی پەروەردە، زانستی و فەرهەنگیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە بەهۆی ئاوارەبوونی ئەفغانستانییەکانی ناوخۆ و کاروباری پەروەردەیی لەو وڵاتە لە مەترسییەکی جیددی دایە.
ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، یونسکۆ لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە دەسکەوتەکانی پەروەردەیی لە ئەفغانستان لە مەترسییەکی جیددی دایە.
ئەو ڕێکخراوەیە ئەوەشی باس کرد کە، نەبوونی مامۆستای ژن، بڕینی هاوکارییە نێونەتەوەییەکان و ئەو بەربەستانەی کە لە بواری پێنەدانی مافی مامۆستایان لەو وڵاتەدا بوونی هەیە، بە زووترین کات ئاکامگەلێکی خراپ و زۆر جیددی و مەترسیداریان لەسەر کاروباری پەروەردە و ڕاهێنانی ئەفغانستان دەبێ.
هەروەها عەبدولباقی حەقانی، بەرپرسی وەزارەتی خوێندی باڵای “تاڵیبان”، لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، ئاماژەی بە کۆتاییهێنانی خوێندنی تێکەڵاو لە زانکۆکانی حکومەتی ئەو وڵاتە کرد و وتی: وانەکانی خوێندی تێکەڵاو لە زانکۆکاندا لێک جودا دەکرێنەوە و بۆ خوێندنی ژنان دەبێ مامۆستای ژن و بۆ پیاوانیش مامۆستای پیاو دەبێ وانە بڵێنەوە.