هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار کە نزیکەی دوو مانگ پێش لەلایەن ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر کرابوو لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستدا.
بەپێێ هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، “یاسر مەنگووڕی” هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی پیرانشار کە نزیکەی دوو مانگ لەمەوبەر لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا دەسبەسەر کرابوو، لەژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ئەم ناوەندەدا گیانی لەدەستدا.
سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی مەنگووڕی لەمبارەوە ڕاگەیاند: “ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، ئیتلاعاتی سپای ورمێ پێوەندی بە بنەماڵەی “یاسر مەنگووڕی” کردووە و پێیان ڕاگەیاندوون کە کوڕەکەتان گیانی لەدەستداوە”.
ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتی: “ناوەندە ئەمنییەکان وتوویانە کە ناوبراو لە تێکهەڵچوونێکدا لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان کوژراوە”.
ئەم ئیدعایە لە کاتێک دایە کە یاسر مەنگووڕی شەوی شەممە ٢٦ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، کاتێک لە ماڵەکەی خۆی چووەتە دەرەوە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەسبەسەر و بۆ یەکێک لە گرتنگەکانی ئەم ناوەندە لە ورمێ گوازراوەتەوە.
یاسر مەنگووڕی خێزاندار و باوکی دوو منداڵە و لەماوەی دوو مانگی ڕابردوودا هیچ جۆرە پێوەندییەکی لەگەڵ بنەماڵەکەی نەبووە و لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەرەکەشی بێبەش بووە.
بەپێی ئامارەکانی هەنگاو، لەماوەی ساڵەکانی ٢٠١٧ هەتا سێپتامبری ٢٠٢١ لانیکەم ٢٣ بەندکراوی کورد لەژێر ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران گیانیان لەدەستداوە کە ١٥ کەسیان بەندکراوی سیاسی بوون.