کۆمیسێری باڵای مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە ڕەخنەگرتن لە کارەکانی تاڵیبان لە کاتی بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لە ئەفغانستان وتی: ئەوەی کە لە ئێستادا لە ئەفغانستان ڕوو دەدا لەهەمبەر مافی ژنانەوە، بە پێچەوانەی بەڵینەکانی تاڵیبانە.
میشێل باشێلە، کۆمیسێری باڵای مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە بارەگای رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژێنێڤ وتی: ئەفغانستان لە قۆناغێکی مەترسیدار دایە و زۆربەی ژنان و کەمایەتییە نەتەوەکانی دیکە زۆر نیگەرانن لەهەمبەر پێشێلکردنی مافەکانیان لەلایەن گرووپی تاڵیبانەوە و هەروەها ئەو بەڵینانەی کە گرووپی تاڵیبان پێش بە دەسەڵاتی گەیشتنی لەهەمبەر مافی ژنان دابووی، هیچیان لە بەرچاو ناگرێ و بە تەواوەتی مافی ژنان لە ئەفغانستان پیشێل دەکا.
ناوبراو بە ئاماژە بە نەبوونی ژنان لە پێکهاتەی نوێی دەوڵەتی تاڵیبان و دەربڕینی نیگەرانییەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ وتی: تاڵیبان ماڵبەماڵ دەگەڕێ و کەسانی سەر بە دەوڵەتی پێشووی ئەفغانستان، وێڕای دەسبەسەرکردن بە توندترین شێوە سزا دەدا کە ئەم کارەی گرووپی تاڵیبان پێچەوانەی بەڵێنەکانی ئەو گرووپە و هەموو یاسا و ڕێساکانی مافی مرۆڤە.